هەرێم نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکارییەکانی بۆ ڕاگەیاندنی خولێکی نوێی خوێندنی باڵا ئاشکرا کرد، کە تێیدا چەندین گۆڕانکاری لە مەرجەکاندا کراوە؛ دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی مەرجی تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزی و گۆڕانکارییە لە سیستەمی خاڵبەندیدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی 10ـی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا خستەڕوو.
لە ڕێنماییە نوێیەکاندا، مەرجی هەبوونی بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی وەک پێشمەرجێک بۆ پێشکەشکردنی ماستەر و دکتۆرا هەڵوەشاوەتەوە. هاوکات، نمرەی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لە ٣٠ نمرەوە بۆ ٤٠ نمرە بەرزکراوەتەوە.
بۆ دڵنیابوون لە شەفافییەتیش، تاقیکردنەوەی توانستی زانستی بە شێوازی هەڵبژاردن دەبێت و لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا ئەنجامەکەی ڕادەگەیەنرێت.
سەبارەت بە سیستەمی خاڵبەندی، وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە، بۆ دبلۆمی باڵای یەک ساڵە تەنیا پشت بە تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆس دەبەسترێت؛ بە جۆرێک نمرەی ٥٠ هیچ خاڵێکی پێ نادرێت و بۆ هەر نمرەیەکی سەرووی ٥٠، پێشکەشکار یەک خاڵ وەردەگرێت. سەبارەت بە خوێندنی دکتۆراش، پێشکەشکار دەتوانێت لە پسپۆڕییەکی دیکەدا پێشکەش بکات، بەو مەرجەی پسپۆڕییەکە لە چوارچێوەی پسپۆڕییەکانی بەشەکەیدا بێت نەک بەشێکی زانستیی دیکە.
خاڵبەندیی دکتۆراش لەسەر بنەمای تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆس، ماستەر، تاقیکردنەوەی توانستی زانستی و نازناوی زانستی دەبێت، بەبێ ئەوەی هیچ خاڵێک بۆ توانستی زمانی ئینگلیزی هەژمار بکرێت.