هەرێم نیوز
وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە دەبێت ئێران بە خێرایی لە نێوان ڕێککەوتن یان جەنگ یەکێکیان هەڵبژێرێت، و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دۆناڵد ترەمپ سوورە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە درێژخایەنەکان و ئاواتە ئەتۆمییەکانی تاران.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی 10ـی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئەو فشارە ئابوورییەی کە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەیخاتە سەر ئێران، گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن ناتوانێت جیهانێک قبووڵ بکات کە تێیدا لایەنە نابەرپرسەکان وێرانکەرترین چەکیان لەبەردەستدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا تیشکی خستە سەر توانا سەربازییەکانی ئێران و ئاشکرای کرد، کە تاران کۆگایەکی گەورەی لە مووشەکی ئاسایی کۆکردووەتەوە، بە جۆرێک کە ئێستا دەتوانێت بەرەنگاری هەر لایەنێک ببێتەوە کە بیر لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک دژی بکاتەوە.