هەرێم نیوز
لە پێشهاتێکی زۆر مەترسیداردا کە گڕ لە بەرەی شەڕی ناوچەکە بەردەدات، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن پەیامێکی پڕ لە هەڕەشە و هۆشداریی توندی ئاراستەی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و پاکستان کرد؛ ئەمەش پاش لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ و هۆشدارییەکەی وەزیری بەرگریی پاکستان دەربارەی کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەی مەککە دژ بە حوسییەکان.
هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە تورکیا و پاکستان
محەممەد بەخێتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند: "سوێند بەخودا ئەگەر تورکیا یان پاکستان تێوەبگلێن لەم جەنگەدا، بە مشتێکی پۆڵایین لێیان دەدەین؛ هەروەک چۆن ئەمڕۆ عەرەبستانی سعودی تەمبێ دەکەین، بە دڵنیایییەوە ئەوانیش تەمبێ دەکەین و پاکستان بۆردومان دەکەین."
ئەم هەڕەشەی بۆردومانکردن و هێرشکردنە سەر سعودییە، ڕاستەوخۆ پاش هۆشدارییەکەی وەزیری بەرگریی پاکستان دێت سەبارەت بە پاراستنی خاکی سعودیە.
جەختکردنەوە لەسەر سەربەخۆیی و تۆڵەکردنەوە
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی حوسییەکان جەختی کردەوە، ئەوان دەست لە کەس پان ناکەنەوە و داوای یارمەتی لە هیچ دەوڵەتێک ناکەن، بەڵام هۆشداری دەدەنە هەر وڵاتێک کە لە پاڵ دوژمنەکەیان واتە سعودیەدا بوەستێت.
ناوبراو گوتیشی: "ئێمە خاوەنی دۆزێکی دادپەروەرانە و مەزڵوومیەتێکی گەورەین؛ لیستێکی پڕ لە سەدان هەزار کوژراومان لەسەرشانە بەهۆی دەستدرێژییەکانی سعودیە بۆ سەر یەمەن، هاوشان لەگەڵ ملیۆنان مردوو کە بەهۆی برسێتی، بەدخۆراکی و کەمیی پێداویستیی پزیشکییەوە بوونەتە قوربانی."
ئەم هاوارە هێرشبەرانەیە لە سەنعاوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە جەنگی یەمەن خەریکە لە سنووری ناوچەییی خۆی دەردەچێت و بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی گەورەی نێودەوڵەتی هەنگاو دەنیێت کە تێیدا حوسییەکان ئامادەییی خۆیان نیشان دەدەن بۆ بەئامانجگرتنی هەر هێزێکی دەرەکی کە پاڵپشتیی ڕیاز بکات.