هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، کە ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژێردەریایی بچووکەوە چەک و تەقەمەنی بۆ حووسییەکانی یەمەن دەگوازێتەوە و پشتیوانیی سەربازی و هەواڵگرییان پێشکەش دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی 10ـی 2026، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێران پشتیوانیی سەربازی و هەواڵگریی پێشکەش بە حووسییەکان لە یەمەن کردووە، کە گواستنەوەی چەک، مەشقپێکردن و پێدانی ڕێنماییە تاکتیکییەکان لەخۆدەگرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران لە قۆناغەکانی پێشوودا پەنای بردووەتە بەر بەکارهێنانی ژێردەریاییە بچووکەکان بۆ گواستنەوەی چەک بۆ یەمەن، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێک لە ڕێڕەوە تەقلیدییەکانی کەشتیوانیی دەریایی پەکخران.
هاوکات، تاکتیکە سەربازییەکانی ئەم دواییەی حووسییەکان، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە مەشق و پشتیوانیی هونەرییان لە ئێرانەوە پێگەیشتووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا کە پشتی بە دەرەنجامەکانی لیژنەیەکی شارەزایانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ بەستووە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، حووسییەکان ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە لوبنان و عێراق دروستکردووە بۆ هەماهەنگیکردنی چالاکییەکانیان لەگەڵ گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران.
ئەم پێشهاتانەش لە کاتێکدایە کە تاران بەردەوام دەستوەردانەکانی لە کاروباری ناوخۆی یەمەن و پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپانە ڕەتدەکاتەوە.