هەرێم نیوز
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی (لەجێگەدانان) بۆ پڕکردنەوەی شوێنی وانەبێژان و کارمەندانی گرێبەست لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بەو مەرجەی پڕکردنەوەکە لەسەر بنەمای شایستەبوون بێت و لەسەر داهاتی ناوخۆ مووچەکانیان دابین بکرێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بە بڕیاری ژمار (٣٠٣) لە ڕێکەوتی (16ـی 9ـی 2026)، پرۆسەی لەجێگەدانانی بۆ وانەبێژان و کارمەندانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێکخراوەتەوە.
بەپێی بڕیارەکە، کە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە، شوێنی ئەو کەسانە پڕدەکرێتەوە کە بەهۆی خانەنشینبوون، کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان هەر هۆکارێکی دیکەوە شوێنەکانیان بەتاڵ بووە.
لە ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، پڕکردنەوەی شوێنەکان دەبێت لەسەر بنەمای شایستەبوون و ڕەخساندنی هەلی یەکسان بێت بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی مەرجەکانیان تێدایە، و شایستە داراییەکانیشیان لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردراوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، ڕەشنووسی ڕێنمایی و ڕێکاری پێویست ئامادە بکات.
پاش پشکنین و وردبینیی پێویست، ناوی کەسە شایستەکان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.