هەرێم نیوز
مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان ڕایدەگەیەنێت، پێکهێنانی حکومەت لەم قۆناغەدا تەنیا بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ئابوورییەوە هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی 10ـی 2026، مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە پێکهێنانی حکومەت پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ بووژانەوەی بازاڕ و داهاتووی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، جێگیریی سیاسی بنەمای جێگیریی ئابوورییە، و حکومەتێکی بەهێز و خاوەن بڕیار دەتوانێت متمانە بگەڕێنێتەوە، وەبەرهێنان هان بدات و دەرفەتی کار بۆ گەنجان زیاد بکات، هاوکات یەکگرتوویی دامەزراوەکان پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و سەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە خەڵکی کوردستان نابێت باجی ناکۆکی و درێژەکێشانی گفتوگۆ سیاسییەکان بدەن.
هەروەها داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە، بەرژەوەندیی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حزبییەوە و بە ڕۆحی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی هەنگاوی خێرا بۆ پێکهێنانی حکومەت بنێن، چونکە دواخستنی زیاتر لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و زیانەکەی بۆ هەمووانە.