هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا پسووڵەی کارەبای ٥٠ هەزار هاوبەشی پڕۆژەی ڕووناکی بخاتە سەر قەرزی کۆن، تاوەکو بتوانن سوود لە بڕیاری داشکاندنی ٥٠٪ـی کرێی کارەبا وەربگرن، و مۆڵەتی کۆتاییش بۆ پارەدان کاتژمێر ١٢ـی ئەمشەو دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی 10ـی 2026، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ ئەوەی ٥٠ هەزار هاوبەشی پڕۆژەی ڕووناکی بتوانن سوود لە داشکاندنی ٥٠٪ وەربگرن، بڕیاریان داوە پارەی پسووڵەی مانگانەی ئەو هاوبەشانە بخرێتە سەر قەرزی کۆن، کە کۆی گشتیی پارەکە دەگاتە ٢٠ ملیار دینار.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە کارئاسانییەکانی پڕۆژەی ڕووناکییە بۆ هاووڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە، کە ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەو هاوبەشانە جێبەجێ کراوە کە ماوەیەکی زۆر بوو پسووڵەیان بۆ نەهاتبووەوە و ئێستا پسووڵەیەکی کەڵەکەبوویان بۆ دەرچووە.
وەزارەتی کارەبا داوای لە هاوبەشان کردووە سەردانی هەژمارەکانیان لە سیستەمی (ئی-پسووڵە) بکەن، و ئەگەر قەرزی کۆن جارێکی دیکە لە هەژمارەکانیاندا دەرکەوتووە، ئەوە مانای وایە پسووڵەی مانگانەکەیان گواستراوەتەوە بۆ قەرزی کۆن بۆ ئەوەی داشکاندنەکە بیانگرێتەوە.
هەروەها وەزارەتەکە ڕایگەیاند، هەر هاوبەشێک پێشتر لە سیستەمەکەدا خۆی تۆمار کردبێت، لە ڕێگەی کورتەنامەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە ئایا داشکاندنەکە دەیگرێتەوە یان نا.
لە کۆتاییدا هۆشداری دراوە کە هاوبەشان تەنیا تاوەکو کاتژمێر ١٢ـی شەوی ئەمڕۆ مۆڵەتیان هەیە بۆ پارەدان و سوودوەرگرتن لەو داشکاندنە.