هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شاری بەغدا کۆبوونەوە و تێیدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی گشتگیر لە بواری ئاودا، پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمنی و دەستپێکردنی هەنگاوە کردارییەکانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 17ـی 10ـی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان سڵاوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای بە سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیاندووە و پیرۆزبایی لێ کردووە بە بۆنەی تەواوکردنی کابینەی وەزاریی حکومەتەکەی و وەرگرتنی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لەلایەن عێراقەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و میکانیزمەکانی تۆکمەکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کران، بەتایبەتی لە کەرتی ئاودا، و جەخت لە کاراکردنی ئەو ڕێککەوتننامە و یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتن کرایەوە کە لەو بوارەدا واژۆ کراون.
زەیدی ڕایگەیاند، عێراق پەرۆشە بۆ بونیادنانی باشترین پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا تاوەکو ببێتە هاوبەشێکی ئابووریی گرنگ، هاوکات پێداگریی لەسەر گرنگیی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە بواری ئاو و دەستپێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان کردەوە.
هەروەها داواشی لە کۆمپانیا تورکییەکان کرد لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن و دڵنیایی پێدان کە حکومەت سەرجەم ئاسانکارییەکانیان بۆ دابین دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دۆسیەی ئەمنی خرایە بەرباس و هەردوولا جەختیان لە پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک لەو پرسانەی دەکەونە چوارچێوەی دۆسیەی ئەمنییەوە.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی پەرۆشە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوو، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە، بەهۆی گرنگییە ستراتیژییەکەی بۆ بەهێزکردنی تەواوکاریی ئابووری و بازرگانیی ناوچەکە.