دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی هەرێم: لە 12 ساڵی ڕابردوودا بەغدا تەنیا 4.2%ـی بودجەی عێراقی ناردووە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری ١٢ ساڵی ڕابردووی خەرجییەکانی بەغدای بۆ هەرێم بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە حکومەتی فیدراڵی لەو ماوەیەدا لەبری دابینکردنی ١٤٤ مووچە تەنیا پارەی ٤٦ مووچەی ناردووە، کە دەکاتە ڕێژەی ٤.٢٪ـی کۆی بودجەی گشتیی عێراق.

ئەمڕۆ شەممە، 17ـی 10ـی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵانی (٢٠١٤ تاوەکو ٢٠٢٥) خستەڕوو.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند، تێکڕای ڕێژەی کرداریی نێردراو لە بودجەی گشتیی عێراق دوای لێبڕینەکانی سەروەری، قەرز و پابەندییەکانی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان، دەکاتە تەنیا ڕێژەی ٤.٢٪، ئەوەش لە جێگەی ئەو ڕێژانەی کە پێشتر بە ١٧٪ و ١٢.٦٧٪ وەک پشکی هەرێم دیاریکرابوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بڕی ئەو پارەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە تەمویل کراوە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لەو ماوەیەدا، تەنیا ٤١ ترلیۆن و ٤٢ ملیار دینار بووە لە کۆی ئەو ٢١٢ ترلیۆن و ٧٦١ ملیار دینارەی کە مافی هەرێم بووە.

ئەو بڕە پارەیەش تەنیا بەکارهاتووە بۆ تەمویلکردنی ٤٦ مووچەی فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان لە کۆی ١٤٤ مووچەی ئەو ماوەیە. هەروەها، لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢ کە عێراق یاسای بودجەی نەبووە، حکومەتی فیدراڵی ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە وەک قەرز هەژماری کردووە تاوەکو دواتر لە پشکی هەرێم لە کاتی پەسەندکردنی بودجەدا بیبڕێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP