دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پزیشکیان: ڕووبەڕووی سەختترین گەمارۆ بووینەتەوە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا

هەرێم نیوز

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی لە دوای ساڵی ١٩٧٩ـەوە ڕووبەڕووی سەختترین گەمارۆ و قەیران بووەتەوە، و ئەمریکاش بە هەوڵدان بۆ زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان بە مەبەستی دروستکردنی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی تۆمەتبار دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی 10ـی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤٨ ساڵی ڕابردوودا و لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ـەوە، ئێرانییەکان ڕووبەڕووی گەمارۆ، جەنگ و سەختییەکی بەو جۆرەی ئێستا نەبوونەتەوە.

هەروەها واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە تیشکی خستووەتە سەر قورسکردنی ژیانی خەڵک، تاوەکو ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی سەرهەڵبدات و لەو ڕێگەیەوە بگەنە ئامانجەکانیان.

سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەو دۆخە، میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم لێدوانانە لە سایەی ئەو جەنگەدا دێت کە لە ٢٨ـی شوباتەوە لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەستی پێکردووە، کە تێیدا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران کوژرا.

هاوکات لە بەرامبەر داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، واشنتن گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ڕێڕەوی ئەو کەشتییانەی گۆڕیوە یان ڕاگرتووە کە ڕوویان لەو بەندەرانەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP