هەرێم نیوز
محەممەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران ڕایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە پرسی فەلەستیندا بکات و بەناوی ئەوانەوە ڕووبەڕووی زلهێزێکی گەورە ببێتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەو پرسە تەنیا پەیوەستە بە خودی گەلی فەلەستینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی 10ـی 2026، محەممەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران لە میانی کۆڕێکی دیالۆگدا کە دامەزراوەی (باران) ڕێکیخستبوو، ڕایگەیاند، ئیسرائیل لەسەر بنەمای داگیرکاری و پێشێلکردنی بنەما ئەخلاقییە بنەڕەتییەکان دامەزراوە، و وەک مرۆڤێک ناتوانێت چاوی لێ دابخات و دانی پێدا بنێت، چونکە داگیرکاری شەرعییەت بە کەس نادات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خاتەمی ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەو بۆچوونەی، بەڵام ئێران مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لەو پرسەدا بکات، چونکە بابەتەکە پەیوەستە بە خودی گەلی فەلەستینەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان لە ئێران شۆڕشیان ئەنجامداوە، و ئەگەر خەڵکی هەر وڵاتێک شۆڕش بۆ گەیشتن بە ئازادی یان ئامانجێکی دیکە ئەنجام بدەن، ئەوان تەنیا دەتوانن پشتیوانیی ئەخلاقیی خۆیان پێشکەش بکەن.
محەممەد خاتەمی بە ڕاشکاوی دژی سیاسەتی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ وەستایەوە و وتی: "ئەوەی من ئێرە بەجێبهێڵم و بچمە ئەوێ، خۆم لە پێگەی ئەو کەسانەدا دابنێم و بەناوی ئەوانەوە ڕووبەڕووی زلهێزێکی گەورە ببمەوە، تەنیا بۆ ئەوەی ئەوان لە کۆتاییدا ئازارێکی بێئەندازە بچێژن و ڕەنگە ڕێگایەکی جیاوازیش هەڵبژێرن، شتێکە ناتوانم قبووڵی بکەم."