دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

لە خۆپیشاندانەکانی قوتابیان لە فەرەنسا نزیکەی 8 هەزار کەس دەستگیر کراون

هەرێم نیوز

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی قوتابیانی ئامادەیی لە فەرەنسا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نزیکەی 8 هەزار کەسیان دەستگیر کردووە و بەشێک لەوانەش ڕووبەڕووی دادگاییکردن و بەندکردن بوونەتەوە.  

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دادی فەرەنسا ڕایگەیاند که لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی رابردوو تا کاتژمێر 5ـی ئێوارەی سێشەممە، 13ـی ئۆکتۆبەر، 7,950 حاڵەتی دەستگیرکردن تۆمار کراوە.

 ئامارەکان دەریدەخەن که 85%ـی دەستگیرکراوان کە دەکاتە 6,773 کەس، تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوە بووە و 1,177 کەسیشیان پێگەیشتوو بوون.  

ئاماژە بەوەش کراوە، ڕێوشوێنی تاوانکاری بەرامبەر 2,735 کەس دەست پێ کراوە و هەروەها ڕێکاری بەدیل بۆ لێپێچینەوەی یاسایی وەکو ئاگادارکردنەوەی مەرجدار و قەدەغەکردنی سەردانیکردن بەرامبەر 2,225 کەسی دیکە جێبەجێ کراوە، لە کاتێکدا 1,263 دۆسیەش بە بێ ڕەوانەکردن بۆ دادگاکان داخراون.  

بەپێی زانیارییەکان، 26 کەس بە بڕیاری دادگا بەند کراون و چاوەڕێی دادگاییکردن دەکەن کە پێگەیشتووەکان 65%ـی ئەو کەسانە پێک دەهێنن.

 جێگەی باسە ژمارەی دەستگیرکراوانی ئەم خۆپیشاندانانە دوو هێندەی ئەو کەسانەیە کە لە یەکەم مانگی خۆپیشاندانەکانی "سەراپۆش زەردەکان" لە ساڵی 2018 دەستگیر کرابوون.  

خۆپیشاندانەکانی قوتابیان لە فەرەنسا بۆ چەند هەفتەیەکە بەردەوامە و قوتابیان داوای چارەسەرکردنی قەرەباڵخیی پۆلەکان، کەمیی ژمارەی مامۆستایان و ئەو ئاڵنگارییە پێکهاتەییانە دەکەن کە ڕووبەڕووی کەرتی پەروەردە بوونەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP