هەرێم نیوز
پێدانی دۆلاری گەشتیاری بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە زوویی دەست پێدەکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی هەرێم نووسراوی فەرمی ئاراستەی بەغدا کردووە.
پاش ڕاگرتنی بۆ ماوەیەک، ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر دابینکردنی دۆلار بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بە مەرجێک وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی گەرەنتیی پاراستن و شێوازی دابەشکردنەکە بدات.
ئاماژەی بەوەش کراوە، لە نوێترین هەنگاودا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کوردستان نووسراوی بۆ بەغدا کردووە و تێیدا کۆمپانیای «ئەتڵەس»ـی وەک نووسینگەی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی دیاری کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە گەشتیاران دوای وەرگرتنی ڤیزا، تیکتی فڕۆکە و هۆتێل، بڕی 3 ملیۆن و 40 هەزار دینار دەدەن و چەکی 20 وەرەقە (2000 دۆلار) بە نرخی 152 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک وەردەگرن، کە پێشتر بە 132 هەزار دینار بوو، و پاشان لە کاتی گەشتکردندا لەناو فڕۆکەخانە پارەکەیان پێ دەدرێت.