هەرێم نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند لە ڕۆژی پێنجشەممەوە زانکۆلاین بۆ دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم کارا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی 10ـی 2026، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند لە کاتژمێر 8:30ـی سەرلەبەیانی سبەی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، تاوەکو کاتژمێر 12ـی شەوی دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیستمەکە لەڕێگەی ماڵپەڕی زانکۆلاین (regayzanko.com) کارا دەبێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، دەرچووانی خوێندنگە کوردییەکان لە کەرکوک، شەنگال و خانەقین ئەوانەی ناویان لە نووسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکە تۆمار کراوە، بە هەمان مەرج و پێوەرەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵ 2700 دەرچووی ناوچە کوردستانییەکان بە کۆدەکانی خۆیان دەتوانن بچنە ناو سیستمەکەوە، هەروەها نووسینگەی کەرکوکی وەزارەتەکە ئامادەیە بۆ ڕێنوێنیکردن و ڕەواندنەوەی هەر گرفتێک لە پرۆسەکەدا.