هەرێم نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان، بڕیاری دا دەرگای هاوردەکردن بۆ چەندین بەرهەمی سەوزە بکاتەوە و سەرجەم باج و ڕسووماتەکانی گومرگیش لەسەر هێلکە، مریشک و ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو هەڵبگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڕیاری دا بە کردنەوەی دەرگای هاوردەکردن بۆ بەروبوومەکانی پەتاتە، تەماتە و پیاز.
هاوکات بڕیاریشی دا بە ڕاگرتن و هەڵگرتنی باج و ڕسووماتی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە، مریشک و ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە، ئەم بڕیارە پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەدواداچوونی عەبدولڕەحیم شەممەری، وەزیری کشتوکاڵ دەرچووە.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان، پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ڕێگریکردنە لە قۆرخکاری و قۆستنەوەی دۆخی بازاڕ لەلایەن بەشێک لە بازرگانانەوە.