هەرێم نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت پشکی هەرێم لە ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ـی عێراق بەڕێژەی ١٤.١٤٪ دیاری بکرێت بەپێی سەرژمێریی ٢٠٢٤، هاوکات داواش دەکات مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بێ هیچ کۆتوبەندێک و بەدوور لە ناکۆکییە سیاسییەکان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی دانوستانکاری هەرێم ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ پێشکەش کرد. ئەنجومەنی وەزیران تێبینی و نیگەرانیی خۆی لەسەر هەندێک لە دەقە پێشنیازکراوەکان دەربڕی و جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم کردەوە.
ئەنجومەنەکە دووپاتی کردەوە کە بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ١٤.١٤٪ـە، و دەبێت ئەم ڕێژەیە ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵیدا.
هەروەها جەخت کرایەوە کە پێویستە مووچەی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بە هەمان پێوەری عێراق و بێ بەستنەوەی بە ناکۆکییەکانەوە دابین بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەسەند کرد بۆ لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتنی قەرزی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی خاوەنکاران، بەو مەرجەی لە ماوەی ٩٠ ڕۆژی کاردا تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بە سندووقەکە بدەنەوە، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاریکردن و زیادکردنی داهاتی سندووقەکە بۆ خزمەتکردنی کرێکاران و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان.