هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردەوە، کە بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکی حکوومیدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد، بۆ ئەوەی کار بکەن لەپێناو جێگیرکردنی خەرجییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵیدا.
جێگیرکردنی خەرجییەکانی پێشمەرگە لە بودجەی فیدراڵدا
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (١٢,٦٤٩) و لە ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری دەکات لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان، کە خەرجییەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە پێویستە لە دانوستانەکانی بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٧دا، کار بکرێت بۆ دابینکردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەوانەش (پڕۆژەکان، ڕاهێنان و پڕچەککردن) بە پێوەری یەکسان وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵیدا.
هەماهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان
باس لەوەش کراوە کە جەخت کراوەتەوە لەسەر هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا، بە مەبەستی داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە قۆناغەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا.