دواین هەواڵ

عێراق‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

وتەبێژی حکومەتی عێراق: بەپەلە نرخی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا دەگەیەنینە 1550 دینار

هەرێم نیوز

وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای دەکات کە حکومەت و بانکی ناوەندی بەپێی پلانێکی ورد کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا نرخی یەک دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا بگەیەننە ١٥٥٠ دینار، هاوکات بڕیاری بەخشینی خۆراک و دەرمانی هاوردەکراویشی لە باجی گومرگی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی عێراق ڕایگەیاند کە حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق بە هەماهەنگی و بەپێی پلانێکی ورد کار دەکەن بۆ جێگیرکردنی نرخی دراو. 

ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە لە ماوەیەکی زوودا نرخی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا کۆنترۆڵ بکەن و بیگەیننە ١٥٥٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک (١٥٥ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک).

عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە پشت بە یەدەگی پێویست و پارێزراوی بانکی ناوەندی دەبەستێت، کە ڕێگە دەدات بە پارەدارکردنی (تەمویل) بازرگانیی دەرەکی و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوردەکردن بە شێوەیەکی نەرم و بێ کێشە.

 سەبارەت بە چارەنووسی ئەو حەواڵانەی پێش گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە ئەنجام دراون، وتەبێژی حکومەت دڵنیایی دا کە تەرخانکراوی پێویستی دارایی هەیە بۆ تەواوکردنی ئەو مامەڵانە لەسەر بنەمای نرخی پێشوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بە بڕیارێکی گرنگی ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ سووککردنی باری سەرشانی هاووڵاتییان و ڕایگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی بیست و سێیەمی خۆیدا بڕیاری داوە کە لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ـەوە، سەرجەم خۆراک و دەرمانی هاوردەکراو لە باجی گومرگی ببه‌خشێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP