هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە شاری ڕیاز لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی سەرکۆنەی هێرشەکەی حووسییەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید کرد و دڵنیایی دا کە خاکی عێراق بۆ هیچ هێرش و دەستدرێژییەک دژی سعوودیە بەکارناهێنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە عەلی زەیدی لە شاری ڕیاز لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی عەرەبستانی سعوودیە کۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و هەماهەنگیی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کردووە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا، عەلی زەیدی بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی حووسییەکانی کرد کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیاز، و ئیدانەی بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکانی کرد لە کاتی ململانێکاندا.
هاوکات جەختی لە هەڵوێستی چەسپاوی بەغدا کردەوە سەبارەت بە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک پێگەیەک بۆ هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر سعوودیە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بە پشتبەستن بە بنەمای دراوسێیەتیی باش و ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق و وڵاتانی دۆست.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوو سەرکردە باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و سعوودیە لە سەرجەم بوارەکاندا کرد، بەتایبەتی بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئاڵنگارییەکی ئەمنی لە ناوچەکەدا.
لە بەرامبەریشدا، محەممەد بن سەلمان جەختی لە پاڵپشتیی سعوودیە بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کردەوە لەپێناو برەودان بە دیالۆگ و بەدیهێنانی سەقامگیری.