هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی سەربازیی هاوبەشیان بۆ سەر پێگە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێران تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی 10ـی 2026، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کرد، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی هەنگاوە خێراکانی تاران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نیشان داوە، بەتایبەتی بەکارهێنانی کێوی قوڵنگ وەک پێگەیەکی نوێ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام گفتوگۆ لەسەر هێرشی هاوبەشی سەربازی کراوە و ئەندامانی باڵای کابینەی ترەمپ لە کامپ دەیڤد کۆبووبوونەوە، بەڵام هەڵوێستی ترەمپ و ڕاوێژکارەکانی لە نێوان دەستپێکردنی جەنگ و توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێراندا ڕاڕای تێدایە، لە کاتێکدا پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووه، جەنەراڵ ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل هۆشداریی داوە کە دەستپێکردنەوەی جەنگ لە پێش هەڵبژاردنەکانی 27ـی تشرینی یەکەم، ڕەنگە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی مووشەکیی بەرفراوانی ئێران و دواخستنی هەڵبژاردنەکان، لە کاتێکدا نێوەندگیرانی قەتەری چاوەڕوانی وەڵامی تارانن بۆ پێشنیازی ئاشتی و ترەمپیش رایگەیاندووە بەمزووانە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئێران دەدەن.