هەرێم نیوز
پارتی دەسەڵاتداری ئازەربیجان بە فەرمی تورکیا و پارتەکەی ئەردۆغان تۆمەتبار دەکات بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و وروژاندنی دۆخەکە لەسەر پرسی قەدەغەکردنی باڵاپۆشی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی 10ـی 2026، پارتی ئازەربیجانی نوێ (YAP) لە بەیاننامەیەکی تونددا ڕەخنەی لە پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (AKP) گرت و دەزگاکانی ڕاگەیەندراوی تورکیای نزیک لەو پارتەی بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی میدیایی دژی باکۆ تۆمەتبار کرد.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەیاننامەکەی پارتی دەسەڵاتداری ئازەربیجان ئاماژەی بەوە داوە کە هەرچەندە لە مێژە چاودێریی ڕووماڵ و تۆمەتەکانی میدیاکانی ئاکەپەیان کردووە، بەڵام لەبەر هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات بێدەنگیان هەڵبژاردبوو، لە کاتێکدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی تورکیا گرت کە پرسی قەدەغەکردنی باڵاپۆشییان لە ناوەندەکانی خوێندن بە پەیوەندییەکانی باکۆ لەگەڵ ئیسرائیل بەستووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، جەخت کراوەتەوە کە ئازەربیجان وڵاتێکی سەربەخۆیە و هاوبەشی لەگەڵ تورکیا بەو مانایە نایەت کە باکۆ قبوڵی بکات کاروباری ناوخۆیی بکرێتە ئامرازی فشاری سیاسی و ڕێگە بە سەپاندنی بڕیار لە دەرەوە نادات.