هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت بۆ متمانەدان بە پێکهاتەی کابینەکەی ساز بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی 10ـی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، داوای کردووە ڕۆژی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدی وەزارەتە بەتاڵەکان و پۆستە نوێیەکان بەڕێوە بچێت.
ئاماژە بەوەش کراوە،، لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا سەرۆکوەزیران پشتبەستنی بە ماددەی 76ـی دەستوور کردووە و داوای خستنەڕوو و دەنگدانی لەسەر کاندیدانی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران، وەزارەتە بەتاڵەکان و ئەو وەزارەتە نوێیانەی تازە هێنراونەتە کایەوە کردووە.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجێکی تایبەتی خستووەتە ڕوو و جەختی کردووەتەوە کە جێگرانی سەرۆکوەزیران بەبێ مووچە، بەبێ تەرخانکراوی دارایی و بەبێ هیچ دامەزراندنێکی نوێ بۆ نووسینگەکانیان ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن.