هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی سلێمانی ڕایگەیاند لە ڕۆژی 14ـی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە، پارەی سەبەتەی خۆراک لەلایەن بریکارەکانەوە دەدرێت و 18ـی هەمان مانگیش وەکو دوا مۆڵەت دیاری کراوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە لەسەرە، داوا لە بریکارەکانی خۆراک کراوە لە ماوەی دیاریکراودا سەردانی بانکی «جنوبی ئیسلامی» بکەن و پارەی سەبەتەی خۆراکی مانگی تشرینی یەکەم بدەن.
ئاماژەی بەوەش کراوە، پرۆسەی پارەدانەکە بە شێوەی کاش ئەنجام دەدرێت و پێویستە بریکارەکان لە کاتی سەردانیکردنی بانکدا کارتی بانکی و کارتی نیشتمانییان لەگەڵدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی داوە کە هەر بریکارێکی پابەند نەبێت بە کات و ڕێنماییە دیاریکراوەکانەوە، بەپێی بڕیارەکانی بەغدا ڕووبەڕووی غەرامە و سزا دەبێتەوە.