هەرێم نیوز
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە شاری هەولێرەوە ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی زۆری هێز و فەرماندەکانیان چوونەتە ڕیزی سوپای سووریاوە، و جەختیشی لەوە کردەوە کە متمانە لە نێوان ئەو و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریادا دروست بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی دیداری (مێری) لە شاری هەولێر، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ دیمەشق.
عەبدی لە سەرەتای قسەکانیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە داوای کرد کە بە پلە سەربازییەکەی بانگ بکرێت و گوتی: "پێم مەڵێن ڕاوێژکار، بڵێن جەنەڕاڵ."
لە بارەی دۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵاتەکەیەوە، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە "دەرفەت و ئاڵنگاریی گەورە لە بەردەم سووریای نوێدا هەیە".
وەک ئاماژەیەکیش بۆ بەرەوپێشچوونی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانیان، ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکان و فەرماندەکانی هەسەدە چوونەتە ناو ڕیزەکانی سوپای سووریاوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیشاردەوە کە هێشتا کێشەی زمان لە سووریا ماوە و تاوەکو ئێستا ئەو پرسە چارەسەر نەکراوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا لە دیمەشق، مەزڵوم عەبدی وتی: "جۆرێک لە متمانە لە نێوان من و ئەحمەد شەرع دروست بووە، بەڵام بۆ دروستکردنی متمانەی تەواوەتی لە نێوان ئێمە و دیمەشقدا هێشتا پێویستمان بە کاتە."