هەرێم نیوز
فشاری بێوێنەی واشنتن لەسەر کیێڤ؛ ئیدارەی ترامپ هەڕەشەی ڕاگرتنی ناردنی چەک دەکات و ئاگربەستێکی ڕانەگەیەندراوی وزە ئاشکرا دەکات
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ ناچارکردنی کیێڤ بە پاشەکشەکردن لە بەئامانجگرتنی کەرتی نەوتی ڕووسیا، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە حکومەتی ئۆکرانیا کردووە کە ئەگەر هێرشە دوورمەوداکانی بۆ سەر ژێرخانی وزە و پاڵاوگەکانی ڕووسیا ڕانەگرێت، تەواوی هاوکارییە سەربازییەکانی لێ دەبڕێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز»ی بەریتانی، بەرپرسانی ئەمریکی لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ پایتەختەکانی ئەوروپا و کیێڤ، و هۆشدارییان داوە کە پەیامەکەی واشنتن ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان و هەڵپەساردنی میکانیزمی تایبەتی کڕینی چەکی ئەمریکی بۆ ئۆکرانیا لەخۆدەگرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا پەیوەندی بە چەندین سەرکردەی باڵای سەربازیی ئۆکرانیاوە کراوە، لەوانە پاڤلۆ پالیسا ڕاوێژکاری سەربازیی زێلێنسکی.
هاوکات لەگەڵ ئەم فشارە چڕانەدا، دۆناڵد ترامپ لایەنەکانی تووشی شۆک کرد کاتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «تروس سۆشیاڵ» بە شێوەیەکی لەناکاو ڕایگەیاند: «لە ئێستاوە لە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا ئاگربەست لە کەرتی وزەدا هەیە. هەردوولا ڕازی بوون. مەیشکێنن!».
سەرەڕای ئەم ڕاگەیاندنەی ترامپ، نوسینگەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەوان هیچ زانیارییەکیان لەسەر بوونی ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە نییە و ڕووسیاش هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمیی دەرنەبڕیوە.
بەرپرسێکی باڵای نزیک لە زێلێنسکیش ئاشکرای کرد کە لە کاتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی ترامپدا، تیمەکانی فریاگوزاری لە کیێڤ سەرقاڵی چاککردنەوەی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا بوون کە بەهۆی بۆردومانی نوێی مووشەکیی ڕووسیاوە وێران ببوون، و جەختی کردەوە کە هیچ کەسێک لە کیێڤ ئاگاداری ئاگربەست نییە.
هاوکات کۆشکی سپی ئامادە نەبووە ڕوونکردنەوە بدات کە ئایا ترامپ پشتگیری لە پێشنیازەکەی زێلێنسکی دەکات بۆ سەپاندنی ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژەی گشتگیر بەسەر مۆسکۆدا بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا یان نا.