دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ڕێگەی عێراق، قەتەر و پاکستانەوە؛ ئەمریکا پەیوەندی بە ئێرانەوە دەکات

هەرێم نیوز

تاران وردەکاریی پەیوەندییە نهێنییەکانی لەگەڵ واشنتن ئاشکرا دەکات؛ ئێران حەوت مەرجی بۆ ئەمریکا دیاریکردووە و هەڕەشەی داخستنی هەمیشەیی هورمز دەکات موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە ڕێگەی سێ کەناڵی دیپلۆماسییەوە، کە بریتین لە عێراق، قەتەر و پاکستان، پەیوەندیی بە تارانەوە کردووە و داوای پێشکەشکردنی پێشنیاز و پڕۆژەی لێکردوون.

ڕەزایی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا کە ئاژانسی فەرمیی «ئێرنا» بڵاویکردووەتەوە ڕوونی کردەوە کە تاران بەر لە دوو هەفتە حەوت مەرجی ئاراستەی واشنتن کردووە، و بە توندی جەختی کردەوە کە «گەرووی هورمز ناکرێتەوە و هیچ دانوستانێکیش بەڕێوە ناچێت تاوەکو ئەو مەرجانە بە تەواوی جێبەجێ نەکرێن»، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکاریی ئەو مەرجانە بدات.

هەروەها بەرپرسە باڵاکەی ئێران ڕایگەیاند کە تاران وەڵامەکەی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بە «ناتەواو و ناپێویست» دەزانێت، چونکە واشنتن بەشێک لە مەرجەکانی قبووڵ کردووە و چەندین خاڵی لێڵ و ناڕوون هێشتا ماونەتەوە کە پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی زیاترە پێش ئەوەی بچنە قۆناغەکانی دیکەوە.

سەبارەت بە داهاتووی مێزی دیپلۆماسی، ڕەزایی باسی لەوە کرد کە تاران دەستبەرداری دیپلۆماسی نەبووە بەڵکو شێوازەکەی گۆڕیوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ شێوازی دانوستانەکانی ڕابردوو، بەو پێیەی ئەمریکا پێشتر گەڕەکانی دانوستانی تێکداوە و هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئێران.

هاوکات لەبارەی گرنگیی ستراتیژیی گەرووی هورمزەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕێوەبردنی گەرووەکە بۆ تاران سەرمایەیەکی نیشتمانییە و تەنها وەرگرتنی باجی گومرگی نییە، بەڵکو دابینکردنی ئاسایشی دەریایی، تێچووی دڵنیایی (تەئمین) و پاراستنی ژینگەش لەخۆدەگرێت.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات دوای ڕێککەوتننامەکەی سویسرا تووشی چەقبەستوویی قووڵ هاتوون؛ هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ڕێگری لە هاتوچۆی بازرگانی دەکات، هەردوو لاش جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆنترۆڵی مەیدانیی گەرووی هورمز لە دەستی ئەواندایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP