دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوروپا سزاکان توند دەکات؛ ترەمپیش نەوت لە پووتین دەکڕێت

هەرێم نیوز

بەرەی دژبەری واشنتن و برۆکسل لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا تەقییەوە

لە لێدوانێکی نوێ و چاوەڕواننەکراودا لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی هاوتا ئۆکرانییەکەی و ڕایگەیاند کە «کاتی ئەوە هاتووە ئۆکرانیا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت»، و تۆمەتباری کرد بەوەی دەیەوێت کێشە بۆ تەواوی جیهان دروست بکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە زێلێنسکی چەندین جار دەرفەتی هەبووە کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت بەڵام ئەو بژاردەیەی هەڵنەبژاردووە، هاوکات ڕەخنەی لێگرت کە پێشتر هۆشدارییان پێدابوو پەلاماری کەرتی دیزڵ نەدات، کەچی ئەو پێچەوانەکەی ئەنجام دا.

ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئەگەر لە ساڵی ٢٠٢٢ لە دەسەڵاتدا بووایە جەنگ بەرپا نەدەبوو، لە کاتێکدا ئێستا ئۆکرانیا ٣٠٪ـی خاکەکەی لەدەستداوە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بوونەتە قوربانی.

ئەم پەیامە توندەی ترەمپ دەستبەجێ دوای ئەوە دێت کە واشنتن ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ هاوردەکردنی دیزڵی ڕووسی ئاشکرا کرد، کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە قۆناغی یەکەمدا زیاتر لە ٣٠٠ هەزار تۆن دیزڵ بەپەلە ڕەوانەی ئەمریکا دەکرێت و دواتر لە مانگی نۆڤەمبەردا ٥٠٠ هەزار تۆنی دیکە هەناردە دەکرێت، بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی ئەمریکادا.

ئەم جووڵەیەی واشنتن تووڕەیی و ناڕەزایەتیی قووڵی یەکێتیی ئەوروپای لێکەوتەوە؛ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هۆشداریی دا کە هەڵپەساردنی سزاکانی سەر دیزڵی ڕووسی، داهاتی زیاتر دەخاتە دەستی مۆسکۆ بۆ درێژەدان بە جەنگی ئۆکرانیا کە تەنیا لە دوو ڕۆژدا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٨٠ کەسی مەدەنی. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا دووپاتی کردەوە کە کاتی کەمکردنەوەی فشارەکان نییە و ڕایگەیاند کە ئەوروپا لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا گەورەترین پاکێجی سزاکان بەسەر ئەو کەس و لایەنانەدا دەسەپێنێت کە هاوکاریی مۆسکۆ دەکەن. لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، ڕووسیا بە هێرشێکی کەسیی توند وەڵامی برۆکسلی دایەوە.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی «تاس» ئاماژەی بە پەندێکی کۆن کرد و گوتی: «پەندەکە دەڵێت ماسی لە سەریەوە بۆگەن دەکات، بەڵام لە ئێستادا دەتوانین بڵێین: یەکێتیی ئەوروپاش لە سەرکردایەتییەکەیەوە بۆگەن دەکات»؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی درزی نێوان ڕۆژئاوا و بەریەککەوتنی دیدگای واشنتن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لەسەر چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی ئۆکرانیا و ڕووسیادا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP