دواین هەواڵ

کلتور‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ئیتاڵیاوە تا لوتکەی دەسەڵات لە نیودەلهی؛ سۆنیا غاندی مەتەڵی خێزانی فەرمانڕەوای هیندستان هەڵدەماڵێت

هەرێم نیوز

لە مێژووی هاوچەرخی هیندستاندا کەم کەسایەتی هەن هێندەی سۆنیا غاندی ژیانیان لە نێوان کارەسات، خۆشەویستی و دەسەڵاتی پەنهاندا هاتوچۆی کردبێت، ئەو ژنەی لە ئیتاڵیا لەدایکبوو و لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا لە زانکۆی کامبریج دڵی بە ڕاجیڤ غاندی بەخشی، بەبێ ئەوەی بزانێت چارەنووس بەرەو کوورەی ئاگری سیاسەتێکی خوێناوی دەبات.

ئێستا لە تەمەنی حەفتا و نۆ ساڵیدا، بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم پەڕتووکی بیرەوەرییەکانی بە ناونیشانی "ئینتیما: گەشتی خۆشەویستی" بڵاوببێتەوە، کە پێش دەرچوونی زەمینلەرزەی لە بازنەی دەسەڵات و ناوەندە ئەدەبییەکانی نیودەلهیدا دروستکردووە، بەتایبەت دوای دروستبوونی دەنگۆی هەوڵدان بۆ سانسۆرکردنی هەندێک بەشی پەڕتووکەکە لە ترسی کاردانەوەی حکومەت.

ژیانی سۆنیا لەگەڵ ئەم بنەماڵەیە بە زنجیرەیەک مەرگی دڵتەزێن تەنراوە، کاتێک لە ساڵی ١٩٨٤ ئەندێرا غاندی لەلایەن پاسەوانەکانیەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و سۆنیا بە پەلە گەیاندیە نەخۆشخانە بەڵام لە دەستیدا گیانی سپارد، تەنیا حەوت ساڵ دواتریش هاوسەرەکەی، ڕاجیڤ غاندی، لە هێرشێکی خۆکوژیدا پارچەپارچە کرا و سۆنیا ناچار بوو خۆی تەرمەکەی بهێنێتەوە ماڵەوە. ئەو ژنەی ساڵانێک دژایەتیی کاری سیاسیی دەکرد و وەک پڵنگ شەڕی دەکرد بۆ ئەوەی هاوسەرەکەی نەچێتە ناو دەسەڵات، لە کۆتایی نەوەدەکاندا و دوای داڕمانی حزبی کۆنگرێس، بە ناچاری بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ و لە ژنێکی بێدەنگ و نامۆوە گۆڕدرا بۆ بەهێزترین کەسایەتیی ناو کایەی دەسەڵاتی هیندستان، بە جۆرێک میدیاکان بە "دەستی ئاسنین لەناو دەستکێشی مەخمەڵیدا" ناوزەندیان دەکرد.

ئەم مەمۆوارە تیشک دەخاتە سەر گەورەترین مەتەڵەکانی مێژووی سیاسیی ئەو وڵاتە، لە پێشەنگیاندا هۆکاری ڕاستەقینەی کشانەوەی لە پۆستی سەرۆک وەزیران لە ساڵی ٢٠٠٤ سەرەڕای سەرکەوتنی گەورەی حزبەکەی، کە دەسەڵاتەکەی بەخشییە مانمۆهان سینگ؛ ئایا بەهۆی هێرشی نەیارەکانی بوو لەسەر ڕەچەڵەکە بیانییەکەی، یان وەک بەشێک لە سەرکردە نزیکەکانی باسی دەکەن، بەهۆی ترس و هەڕەشەی توندی کوڕەکەی، ڕاهول غاندی بوو کە نەیدەویست دایکی وەک باوک و داپیرەی لە پێناو کورسیی دەسەڵاتدا تیرۆر بکرێت.

هاوکات پەڕتووکەکە پەردە لەسەر ئەو دەنگۆیانە لادەدات کە سۆنیایان لە ماوەی دەسەڵاتی دە ساڵەی حزبی کۆنگرێسدا بە "کۆنتڕۆڵی لەدوورەوە" و فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی پشتی پەردە دەزانی، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بۆ قۆناغی شکستەکانی ئەم دواییەی حزبەکەی لە بەرامبەر پارتی بەهاراتیا جاناتای دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی نارێندرا مۆدی کە هەوڵی سڕینەوەی مێژووی ئەم بنەماڵەیە دەدات.

لە کۆتاییدا سۆنیا غاندی جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆر شت لەسەر خێزانەکەی گوتراوە بەڵام کەم کەس لە ڕاستیی هەست و شکستە مرۆییەکانیان تێگەیشتوون، بۆیە ئەم پەڕتووکەی وەک بەڵگەنامەیەک بۆ ڕێزگرتن لە لایەنە مرۆییەکەی ئەو بنەماڵە فەرمانڕەوایە پێشکەش بە مێژوو دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP