دواین هەواڵ

کلتور‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندێ وتەی کورت هەیە کە کاریگەرییان لە دەیان سەعات قسە و درێژدادڕی زیاترە

هێمن عەبدولڕەحمان

هەندێ وتەی کورت هەیە کە کاریگەرییان لە دەیان سەعات قسە و درێژدادڕی زیاترە؛ هەندێک وتە وەک خەنجەر وان ڕاستەوخۆ بەر دڵ دەکەون و تا بۆیان بکرێ زیاتر دەڕۆنە خوارەوە، وەک دەڵێن: «وتە لە فیشەک کاریگەرترە».

ڕەنگە ماوەیەکی زۆر بێ ڕێم لە چەند وتەیەکی زۆر جوان و کاریگەر نەکەوتبێ، وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆمان یاخود درامای «ڕۆژهەڵاتی عەدەن»دا ڕێم لێی کەوت:
ئادەم پیاوێکە بەڕاستی عاشقی ژنێک دەبێت، دەیهێنێت و ماڵێکی جوان و خۆشی بۆ دروست دەکات، کەچی ژنەکە لەو ژنانەیە کە لە خۆشەویستیی زۆر دەترسن؛ لەو جۆرە کەسانەیە کە باوەڕ ناکەن کەسێک هەبێت ئەوەندە خۆشی ویوێت، بە کورتییەکەی، لەو کەسایەتییانەیە کە خۆشەویستیی ڕاستەقینە بە کۆت و زنجیر دەزانن و حەزیان لە خۆشەویستیی ساختە و درۆزنانەیە، حەزیان لە ئازادی و ستایشی درۆزنە. بۆیە زۆر نامێنێتەوە. کاتێک لە دەستی خۆشەویستییە ڕاستەقینەکە هەڵدێت و دوای ساڵانێکی زۆر چاوی بە پیاوەکەی دەكەوێتەوە، پیاوەکە پێی دەڵێت: «بۆچی بەجێتهێشتم؟»

ژنەکەش بیانووی زۆر دەهێنێتەوە کە پیاو هەمووی درۆ دەکات، هەموویان خراپن و تەنیا یەک شتیان دەوێت.
پیاوەکەش پێی دەڵێت: «تو بۆچی هەمیشە دیوە تاریک و خراپەکەی مرۆڤ دەبینیت؟» کەواتە نابێت مرۆڤ لایەنە خێرەکەی ئەوی دی نەبینێت.

لە شوێنێکی دیکەدا، هاوڕێیەکی بەئەزموون و دنیادیده بە پیاوەکە دەڵێت: «تەمەنت زۆر لەوە بچووکترە کەوا پەیوەست بێ بە بیرەوەرییەکانەوە، پێویستە بیرەوەریی نوێ دروست بکەیت!»

کەواتە لەبیرکردن و لەبیربردنەوە و دروستکردنی ژیانێکی نوێ بۆ هەموو مرۆڤێک کە یادەوەرییەکی ناخۆشی هەیە پێویستە و تەمەن بەشی بیرەوەریی ناکات.

لە شوێنێکی دیکە ئادەمی باوک کاتێک کوڕە 17 ساڵانەکەی بەبێ ئاگاداری ئەو خەریکی پارە پەیداکردنە و پارەیەکی زۆری بۆ دەهێنێت دەیکاتە دیاری بۆ باوکی، باوکی لەسەرچاوەی پارەکە دەپرسێت سەیردەکات پێش جەنگ فاسۆلیایان کڕیوەو دواتر بەهۆی جەنگەوە نرخی فاسۆلیایان بەرزکردۆتەوە پارەکە فڕێدەدات و بە کوڕەکەی دەڵێت: "ئەگەر بتەوێ شانازیت پێوە بکەم دەبێت ژیانێکی ساڵحانە بژیت!"

ژیانێکی ساڵحانە و مرۆڤانە و بەخشندانە باشترین دیارییە پێشکەشبکرێت.

لە شوێنێکی دیکە کاتێک "ئارۆن"ی کوڕ دەیەوێت بڕوات بۆ شارێکی دیکە بخوێنێت، ئادەمی باوک پێی دەڵێت:"کوڕم هیوادارم ماڵێکت هەبێت کە بتوانی بۆی بگەڕێیتەوە!"

لێرەدا ڕاستەوخۆ وتەکەی دۆستۆیڤسکیم بیرکەوتەوە کە دەڵێت مرۆڤ هەر دەبێت ماڵێکی هەبێ بۆ بگەڕێتەوە.

مرۆڤی بێ شوێن، بێ ماڵ، بێ ناونیشان مرۆڤێکی تەنیا و سەرگەردانە.

دوایین شت، دوایین دێڕ، دوایین پەیامی چەمکێکی
عیبرییە بەناوی (تێمشێل) کە بە مانای (هەڵبژاردن، بژاردە، ئیختیار) دێت.

کە قفڵی ڕۆمانەکە یاخود دراماکە ئەوەیە مرۆڤ خۆی سەرپشکە لە هەڵبژاردنی چۆنیەتی ژیانی خۆی..جا بە باش یاخود خراپ.

چەمکەکە واتای ئەوەیە مرۆڤ ئازادیی هەڵبژاردنی هەیە؛ دەتوانێت چاکە هەڵبژێرێت یان خراپە، و ڕابردوو و سروشتی خێزانەکەی بە تەواوی چارەنووسی دیاری ناکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP