کتێبی "بیرەوەری و یادداشت"ی ئەحمەد ئەسکەندەری
ئاوێنەیەکی مێژوویی بۆ تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
مەجید ساڵح
پێشەکی
لە ١٤ی ئابی ئەم ساڵدا، لە شاری ستۆکهۆڵم و لە ماڵی هاوڕێم بەیان ناسح، هەلێکم بۆ ڕەخسا و تا لە نزیکەوە کاک ئەحمەد ئەسکەندەری، تێکۆشەری ناسراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببینم. لەو دیدارەدا کتێبەکەی "بیرەوەری و یادداشت (١٩٤٨–١٩٨٠)"ی پێشکەش کردم. دوای گەڕانەوەم بۆ کوردستان، کتێبەکەم خوێندەوە، خۆم یەکێکم لەو کەسانەی بەشەوقەوە هەر بیرەوەرییەکم دەست کەوێت دەیخوێنمەوە، چونکە بیرەوەری و یاداشتی کەسایەتییە سیاسی و تێکۆشەرەکان، سەرچاوەیەکی بنەڕەتی و مێژوویی و بەنرخن، بە تایبەتی ئەگەر بە راستگۆیی نووسرابێت.
کتێبی "بیرەوەری و یادداشت (١٩٤٨–١٩٨٠)" تەنها چیرۆکی ژیانی کاک ئەحمەد نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی زیندوو و ڕاستەقینەیە لەسەر ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و کوردستان لە ماوەی سێ دەیەدا. ئەم کتێبە کە لەلایەن بڵاوکردنەوەی غەزەلنووس لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، لە ٥٦٢ لاپەڕەدا ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیانی نووسەر و تێکۆشانی گەلی کورد دەخاتە ڕوو.
ئەحمەد ئەسکەندەری لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری سەقز لەدایکبووە. ئەو خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستی جیۆلۆجی لە زانکۆی شیراز و دیبلۆمی لە زانستی ئاو لە زانکۆی بۆردۆی فەرەنسایە. ئەم پاشخانە زانستییە وەک باکگراوندێک بۆ تێگەیشتنی زیاتری نووسەر لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕەخساوە. ئەسکەندەری وەک یەکێک لە نزیکترین یاریدەدەرانی شێخ عیزەدینی حوسەینی، ڕۆڵێکی چالاکی لە ڕاپەڕینی کوردستاندا گێڕاوە، ئەمەش وایکردووە کە یاداشتەکانی ببنە سەرچاوەیەکی دەگمەن بۆ تۆمارکردنی ڕاستییەکانی ئەو سەردەمە.
کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی و چەند پاشکۆیەک پێکهاتووە کە هەریەکەیان قۆناغێکی گرنگی ژیانی نووسەر و مێژووی کوردستان دەگرێتەوە:
بەشی یەکەم (١٩٤٨–١٩٧٨): لە سەقزی کوردستانەوە هەتا بۆردۆی فەرەنسا، لەم بەشەدا، نووسەر بە وردی باس لە ژیانی خۆی و سەقز دەکات. باسکردنی دایکی (حەبیبە مودەڕیسی)، منداڵی، خوێندن، هاوسەرگیری لەگەڵ فەیزە، و کارکردن لە کۆمپانیای نەوت لە ئەهواز، تەنها بەشێکی ئەم بەشەیە. گرنگترین خاڵی ئەم بەشە، تیشکخستنە سەر دۆخی ژنان، ڕۆشنبیری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی کوردستاندا. هەروەها باسی ڕووداوەکانی وەک سووتانی بازاڕی سەقز و کۆچی جولەکەکانی سەقز، وێنەیەکی ڕوونی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە دەخاتە ڕوو.
بەشی دووەم (١٩٧٨–١٩٨٠): ڕاپەڕین و شۆڕش لە ئێران
ئەم بەشە گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و سەرنجڕاکێشی ڕاپەڕینی کوردستانە دوای شۆڕشی ئێران. نووسەر کە لە فەرەنسا خەریکی خوێندن بوو، دەگەڕێتەوە ئێران و بە چاوی خۆی شایەتی ڕووداوەکانی وەک دروستبوونی کۆمیتەکان، شەڕی سەقز و ڕاوێژکارییەکانی نێوان نوێنەرانی کورد و حکومەتی ئیسلامی دەبێت. ناوی شێخ عیزەدینی حوسەینی وەک کەسایەتییەکی سەرەکی لەم بەشەدا دەردەکەوێت، بەتایبەت لە باسکردنی فەتوای جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد و شەڕی ناوخۆیی کوردستان.
کتێبی "بیرەوەری و یادداشت" تەنها یاداشتی کەسێک نییە کە بەسەر ڕووداوەکاندا تێپەڕیبێت، بەڵکو دۆکیومێنتێکی مێژووییە. نووسەر بە شێوازێکی ڕاستەقینە و بێ لایەنگری، هەوڵیداوە ڕاستییەکانی ڕاپەڕینی کوردستان و ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بگێڕێتەوە. ئەم کتێبە بۆ توێژەران، مێژوونووسان، و هەر کەسێک کە بەدوای تێگەیشتنێکی قووڵ لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بێت، سەرچاوەیەکی زۆر بەنرخ و پێویستە.
بە کورتی، ئەم کتێبە وەک ئاوێنەیەک وایە کە ڕوخساری ڕاستەقینەی تێکۆشان و ژیانی ڕۆژانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانیش لە قۆناغێکی هەستیاردا نیشان دەدات. خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە، هەم دەوڵەمەندکردنی زانستی مێژووییە و هەم ڕێزێکە بۆ گیانی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، ئەم کتێبە بۆ من وەک مێژووییەکی زیندوو وایە بە قووڵی ئێستا لەگەڵ ڕابردوودا بەیەکەوە گرێ دەدات..
دەستخۆش کاک ئەحمەد بۆ خۆت و کتێبەکەت..