دواین هەواڵ

کلتور‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەو نمایشانەی ڕەخنە لێیان بێدەنگە..

حەیدەر عەبدولڕەحمان

ڕەخنەگر بینەرێكی شانۆیە، وەك هەر بینەرێكی دیكەی هەواداری نمایشە شانۆییەكان.

وەك ئەوان دەكەوێتە ژێر كاریگەرییە هونەری و هزری و فسیۆلۆژیەكانی نمایش، لەگەڵ هەندێ لە ڕەگەزەكانی دەسووتێ و دەتوێتەوە، لەگەڵ هەندێكی تریان دەڕوخێ ...
تەنیا جیاوازی ڕەخنەگر لەگەڵ بینەری ئاسایی ئەوەیە، كە ڕەخنەگر تێگەیشتن و زانیاری و مەعریفەی، بۆ خوێندنەوەی یەكە یەكەی پێهاتەكانی شانۆ وردترو قوڵترە لە بینەرێك كە سەرسام دەبێ، بە ئەستاتیكای شانۆ و فەلسەفەو گوتاری شانۆیی، دەزانێ هەژانێك هەیە لە فیكرو دەروونی، كارلێكەرێك هەیە چاوی پڕ دەكات لە جوانی، بەڵام نازانێ ئەو هەموو كارلێكە هەمەڕەنگانە لە كوێوە دێن؟ سەرچاوەكانی چین؟

هەست دەكات كە ئەو دوای كۆتایی هاتنی نمایش و دەرچوون لە هۆڵی شانۆ، بنیادەمێكی ترەو ئەوە نیە سەعاتێك پێش ئێستا بەدەست بەتاڵی هاتە ئەو هۆڵەو ئێستا هەموو پارچەكانی مێشك و پێكهاتەكانی جەستەی، پڕ بووە لە فانتازیای جوان جوان و تەزووی ئاگرین.

بەڵام لە هەندێ نمایشی دیكەی شكست خواردوو، هەست بە ڕوخانی خۆی دەكات،
هەموو هۆڵەكەی لێدەبێتە كۆڵانە تەسكەكانی قەیسەری،، سووی لە بەهەدەرچوونی كاتەكانی دەبێتەوە، بەڵام دەروازەیەك شك نابا بۆ ڕاكردن له هؤله كه.
ڕەخنەگر لە بینەری ئاسایی زێتر دەكەوێتە ژێر باری قورساییە دەروونییەكە، چونكە ئەو لە بینەر زێتر هەست بە بۆشاییەكان دەكات و بەچاوی خۆی مردنی نمایش دەبینێ.
بۆیە زوتر لە بینەر دووچاری بێ هیوایی دەبێت .

هەندێ جاریش لە دیمەنە سەرەتاییەكاندا دەست لە نمایشەكە دەشواو بۆی دەردەكەوێ كە دەرهێنەر هیچی پئ نیە بۆ پێشكەش كردن، جگە لە مراوەغە كردنێكی بێ ئەنجام.

ڕەخنەگر کاتێک هیچی پئ نیە بۆ گوتن، کە نمایش هیچ پرسیارێکی بۆ دروست نەکات، هیچ توخمێک نەێوروژێنێ، واهەست بکات لە جیاتی شانۆ، لە قاوەخانەیەک دانیشتووە،
هەندێ جار كە دەرهێنەرێك تەنیا بە ئامانجی ئیسپات وجود و خۆ شاردنەوە لە غیاب، بێ هیچ ئامادە بوونێك، سەركشیەك دەكات و نمایشێك بە پینەو پەڕۆ پێشكەش دەكات.

بە پێی لۆژیك كەسێك كە پێشتر ئامادەیی نەبێت، یان لە بواری دەرهێناندا ئەزموونی ڕابووردووی لاواز بيت، زەمەنێكی دوورو درێژ لە شانۆ دابڕابێت و سەرقاڵی كاری تر بووبێت و زەڕفێكی دیاری كراو ناچاری بكات، ڕاستەوخۆ بە دەستی بەتاڵەوە بگەڕێتەوە سەر شانۆو بیەوێ كارێك بكات بینەر لێی ڕازی بێت، هاوكوف بێت لەگەڵ ڕیتمی پێشكەوتنی شارەكانی تری كوردستان، كە ئێستاكە لە پێشبڕكێیەكی گەرمن لەسەر داهێنان و نوێ بوونەوە، ئەوە لۆژیك دەڵێ بە دڵنیاییەوە ئەو نمایشە شكستێكی گەورە بە خۆیەوە دەبینی، كە باجەكەی زۆر قورس بێت لەسەر ڕابووردووی دەرهێنەرو لەسەر شانۆی شارەكەی.
بەڵام ئەگەر لەحاڵەتی ئامادە نەبوون، دەرهێنەر بێدەنگی هەڵبژێرێ، ڕێز لە ڕابووردووی، یان شوناسی خۆی بگرێت، ئەوە زۆر زیاتر لە بەرژەوەندی ئەو دایە بێدەنگ بێت .
زۆر باشترە لە زۆر لەخۆ كردن بۆ ئیسپات وجود، ئەوه پەشیمانی بەدواوە دێت ، كاریگەرییە نەگەتیفەكانی بە ئاسانی لەسەر ئێستاو ئایندەی ئەو دەرهێنەرە ، نە لەسەر خۆی، نە شارەكەی، نە وڵاتەكەی كاڵ نابێتەوە.

شانۆ پرۆسەیەكی ئیرادەیە كە لەسەر بنەمای تواناو ڕوئیای جوان و تەكنیك و فۆرمی هاوچاخانەو ئەزموونی زانستی بونیات دەندرێت و پرۆژیەك نیە لەسەر هاوكێشەی خۆت و بەختت خۆی لێ بدەی،

هەر بەرهەمێك بۆ دەرهێنەر بەرپرسیاریەتێكی گەورەیە، بەرامبەر بە زەمەن، بەرامبەر بەئاستی شانۆی كوردستان، بەرامبەر بە خۆت و ئەزموونەكانت، بۆیە سەركێشی كردن بە هەموو ئەمانە دەتگەیەنێتە ئەو قەناعەتە هەندێ كار نەكردنی باشترە لە كردنی

هەڵوێستی ڕەخنەش بەرامبەر بەو نمایشە شكست خواردوانەی بە عەملیەی قەیسەری لە دایك دەبن، باشترین بژاردە بێدەنگیە، كە بەهێزترین ئەنجامێكە بۆ هەر نمایشێك.

هیچ مەدح و سەنایەكی دروست كراو، لە پەنای ڕەچاو كردنی دۆستایەتی و خۆ شیرین كردن و ماستاو چیەتی، ناتوانن بەرهەمێكی ڕووخاو لە دەست هەقیقەت دەربێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP