دانا نەقی
لە چوارچێوەی ئەو پرۆژە فکری و مەیدانییە گەورەیەی کە تۆڕی میدیایی 964 بۆ ناساندن و دۆکیۆمێنتکردنی بیرەوەرییە مێژووییەکانی دوکتۆر مەحموود عوسمان دەیەوێت سازی بکات ، هەڵسەنگاندن و موناقەشەیەکی چڕوپڕ لە نێوان من و کاک توانا نەقی لەسەر سێ بەرگی ئەم کتێبە ساز کرا. ئەمەش کورتەیەکی یەکگرتوو و ڕوانگەیەکی وردە لەسەر ئەو گفتوگۆ هاوبەشەی کە لەگەڵ کاک توانا باسمان کرد لە مەڕ ئەم یادەوەرییە.
کاتێک باسی سێ بەرگی یاداشتەکانی دوکتۆر مەحموود عوسمان دەکەین، باس لە یاداشتێکی ئاسایی ناکەین، بەڵکو باس لە نەخشەڕێگەیەک دەکەین کە پڕە لە وەرچەرخانی مێژوویی. دوکتۆر مەحموود تەنها گێڕەرەوەی ڕووداوەکان نەبووە، بەڵکو وەک کەسایەتییەکی دیار هەم لە چیاکان لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول و نسکۆی ١٩٧٥دا بووە، و هەمیش لە بەغدا لە سەردەمی نوێ و پاش ساڵی ٢٠٠٣وە لە ناوەندی بڕیار و هاوکێشەکاندا ژیاوە. ئەمەش وا دەکات کتێبەکە کۆمەڵێک وردەکاریی نەوتراو و زانیاریی پەردەلادراو لەخۆ بگرێت کە پێویستە هەر خوێنەرێکی سیاسی بەوردی خوێندنەوەی بۆ بکات.
لە درێژەی موناقەشەکەدا لەگەڵ کاک توانا نەقی، تیشکمان خستە سەر چۆنیەتیی دروستبوونی پرۆسەی سیاسی و ئەو هەڵە ستراتیژییانەی کە لە کاتی بڕیارە سیاسییەکاندا دروست بوون. گەورەترین تێڕوانین کە لەم سێ بەرگەدا دەردەکەوێت ئەوەیە کە تا چەند ئاگاداری مێژووی خۆمانین. دوکتۆر مەحموود بەبێپەردە و بوێرانە باس لەم بابەتانە دەکات، و لێرەدا باسم کرد کە ئەم کتێبە دەبێت وەک "مرافەعەیەکی مێژوویی" سەیر بکرێت، چونکە نیشانەی ئەوە دەدات که بەشێک لە قەیرانەکانی ئێستامان ڕەنگدانەوەی هەمان کێشە و هەڵە مێژووییەکانن.
لە کۆتایی دانیشتنەکەماندا لە گەڵ کاک توانادا، کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە ئەم بەرهەمە گەورەیە تەنها کتێبێکی یادوەری نییە، بەڵکو دەبێت وەک دەستپێکێک بێت بۆ ئەوەی سەرکردە و کەسایەتییە مێژووییەکانی تریشمان بوێریی ئەوە بکەن مێژووی ڕاستەقینەی خۆیان بنووسنەوە. بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بەبێ دەستکاری و بە زمانێکی ڕاستگۆیانە لە ڕابردووی خۆیان تێبگەن، چونکە نەتەوەیەک مێژووی خۆی نەزانێت، ناتوانێت داهاتووی خۆی بە ڕاستگۆی بونیات بنێت.