دواین هەواڵ

کلتور‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ هەڵكەوت مستەفا ئۆسكار خەونە یان ڕاستییە؟

حەیدەر عەبدولڕەحمان

دوێنێ ئێوارە لەگەڵ ژمارەیەكی كەم لە بینەران فیلمی (بەهەشت نابینی گەر ژن بتكوژێ) لە دەرهێنانی (هەڵكەوت مستەفا)م بینی.

بەر لە بینینی فیلمەكە پێشبینی ئەوەم دەكرد پلیتم دەست نەكەوێ، كەچی دووچاری سەرسوڕمان بووم كە ئەو ژمارە كەمەی بینەرانم لە هۆڵەكەدا بینی.

پێم وایە ئەمەیان پەیوەندی بە ئاستی فیلمەكەو دەرهێنەرەكەیەوە نەبوو، بەڵكو باری ئابووری خەڵكەكە ئەوەندە ناگزوورە ، یاریدەی ئەوەی نادا بە دە هەزار دینارو زیاتر فیلمێك ببینی، خۆ ئەگەر خێزانێكی پێنج كەسی بن، ئەوە دەبێ‌ پەنجا هەزار بدا بۆ بینینی فیلمێك!

كۆمپانیاكان ئەگەر دروست بوونی بینەری سینەمایان لا گرنگە لە كوردستان، دەبێ هەلو مەرجی ئابووری خەڵكەكە لەبەرچاو بگرن.

كە فیلمەكە دەبینی، لە دەستپێكدا دەتگەڕێنێتەوە ساڵانی وەحشیگەریەتی داعش و شاری موسڵی وێرانكراو، كە لە هەموو لایەكەوە بۆنی مەرگ و ڕەنگی خوێن بەدارو دیواری شارەكەدا دەبینی. دەتگەڕێنێتەوە سەردەمی جاهلیەت و مەزاتخانەی ژنە بەدیل گیراوەكان، كە وەك هەر ئاژەڵێك دەكڕان و دەفروشران.

لەو مەیدانەدا ئەو دوو خوشكە عازەبە (ڤیان و هێلین) فرۆشرانە داعشەكان، بەڵام (ڤیان) هەرلە یەكەم شەودا، كاتێ داعشەكە وەك دڕندە پەلاماریدا، دەرفەتێكی بۆ ڕەخسا، دەستی بگاتە دەمانچەیەك و مەردانە بەرگری لە شەرەفی خۆی بكاو زاوا داعشەكە بكوژێ‌ و خۆی رزگار بكا.

بەڵام (هێلین)ی خوشكی كەوتە دەست داعشێكی قەناس بە دەستی سویدی و سكی پڕكرد.
ئیدی سیناریۆكەی هەڵكەوت وا نیشان دەدا كە (ڤیان )هەموو هەوڵی بۆ ئەوە دەخاتە گەڕ بە هاوكاری پێشمەرگە هێلینی خوشكی لە دەستی داعشەكان دەربێنێ.
تا لەكۆتاییدا (هێلێن) ئازاد دەكات، بەڵام لە هەمان چركە كەداعشەكەی مێردی دەكوژێ، خۆشی شەهید دەبێت.

ئەمە كورتەی سیناریۆكەی هەڵكەوت مستەفایە، كە زۆربەی كێشەكانی تێدا كۆبۆتەوە لەبەر ئەم هۆكارانە:
١.شوێنی ڕاستەقینەی چیرۆكەكە شاری كۆبانیە كە بە رۆحێكی قارەمانانە داستانێكیان دژی داعش تۆمار كردو بوون بە مایەی سەرسام بوونی هەموو دنیا، نەك شاری موسڵ.

بەڵام دەرهێنەر بەهۆی لوكێشنە ئامادەكراوەكانی شاری موسڵ و وێرانكارییەكانی، لەوە دڵنیا بووە كە ئەو لوكێشنانە وەك سینەماكارێك یاریدەدەی دەدەن بۆ بەرجەستە كردنی دیمەنەكان،بۆیە ڕووداوەكی چیرۆكەكەی گواستۆتەوە شاری موسڵ.

بە گۆڕینی جوگرافیای ڕاستەقینەی ڕووداوەكان ، هەم غەدرێكی لە مێژوو كردووە هەم لە شاری كۆبانی.
2. ئەو كچە قەناس بەدەستەی بەو ئازایەتیە كەم وێنەیە شەڕی كردووەو دەیان داعشی ڕەوانەی دۆزەخ كردیە، كچە شەڕڤانێكی كۆبانی بوو نەك كچە پێشمەرگەیەك.
چونكە دیارە هیچ كچە پێشمەرگەیەك نەچۆتە ناو جەرگەی موسڵ و بەتەنیا سێ قەناس بەدەستی داعش هەر یەكەو لە باڵەخانەیەك بكوژێ.

كچی پێشمەرگەی ئێرە جگە لەكاری كارگێڕی نەبێ لە فەرمانگاكان هیچ شەڕێكی ڕوو بە ڕوویان نەكردووە، كەواتە بۆ ئەو ئازایەتیە لە شەڕڤانێك دەستێنیتەوە بە كچە پێشمەرگەیەكی دەبەخشێت، ئەگەر هەموو ناونیشانێك، لەهەر پارچەیەكی كوردستانی گەورە بێت یەك پیرۆزی هەبێت؟

3. ئەگەر بتەوێ وەك دەرهێنەر واقیع بینانە هەڵس و كەوت بكەیت لەگەڵ كامێراو لەگەڵ بینەردا، ناكرێت لە چوارچیوەی واقیعدا دەرچیت و فیلمەكە لە فیلمێكی واقعێ بكەیتە فیلمێكی خەیاڵی زانستی، كچە پێشمەرگەیەك بكەیتە سوپەرمان لەسەر سێ باڵەخانەی دە دوانزە نهۆمی دوور لەیەك بفڕیت و هەر سێ قەناس بە تاقی تەنیا بكوژی؟

ئایا ئەمە فیلمی كارتۆنە یان واقیع؟

4.دەرهێنەر چەند ئەوەندەی لە سیناریۆكەدا غەدری لە كۆبانی و شەڕڤانان كردووە، ئەوەندەش غەدری لە پێشمەرگە كردووە، چونكە كاتێ‌ (ڤیان) دەچێتە ناو پێشمەرگەو دەیەوی َ سەركێشییەكان بكات بۆ ئازاد كردنی خوشكەكەی، فەرماندە پێشمەرگەكە( قادر جەلال) ڤیان بە شێت دەزانێ‌ بەرامبەر بە سەركێشییەكانی، هیچ جۆرە هاوكاری كردنێكی پێشمەرگە لەو شەڕە چارەنووسییە نابینین، تەنیا هاوكاری كردنی فەرماندەكە نەبێت بە چەند زانیاریەك، ئیدی وەك تەماشاكار دەمێنێتەوە .
لەو حاڵەتەدا بینەر دووچاری دووش دامان بوو لە تەجمید كردنی هێزی پێشمەگە، كەم یان زۆر .

5. دەرهێنەر ئامانج و گوتاری ئەو شەڕڤانانەی نەخستۆتە چوارچیوەیەكی نیشتیمانی بۆ بەرگری كردن لە مافی خۆیان دژی داعش، بەڵكو ئەو ئامانجانەی بچووك كردۆتەوە بۆ پرسێكی شەخسی و تایبەتی، كە پرسی ئازادكردنی خوشكەكەیەتی.

لە گەڵ ئەو بچووك كردنەوەی دۆزی شەڕڤانان و بچووك كردنەوەی رۆَڵی پێشمەگە دژی داعش و جووڵە پێنەكردنی بۆ هیچ چالاكییەكی عەسكەری، گوتاری فیلمەكە كاڵ دەبێتەوە.
6.دەرهێنەر لە چەند دیمەنێكی فیلمەكەی سوودی لە فیلمێكی دەرهێنەرێكی ئیسپانی وەرگرتووە بە ناوی (جیراردۆ) لە فیلمی (رەققە) بینەر دەتوانێ‌ بە یوتوب بیبینی و بەراوردێكی پێ‌ بكات .

گوتارە بنەڕەتیەكانی فیامەكە:

بە گشتی سیناریۆكە بەرەو چەند ئاراستەیەك دەچێ‌
1.دەرخستنی ئازایەتی ژنی كورد لە شەڕی دژی داعش، كە بوو بە مایەی دروست بوونی ئەفسانە لەو ئازایەتیە.
ئەم دەرخستنە گەورەییەی لەوە دابوو كە ئافرەتێكی كورد رۆڵی پاڵەوانیەتەكەی تێدا بینی، بۆیە هەموو شانازییەكە پەخش دەكرێت بە سەر ئافرەتی كورد لە هەر شوێنێ‌ بێت .

ئەگەرچی كەمێك زێدەڕۆیی كرا لە فۆرمی واقیعی فیلمەكە.

2. بە گشتی فیلمەكە فیلمی ئەكتەر بوو، هەموو هەوڵەكان بۆ گەورە كردنی (ئاڤان جەمال) و رۆڵەكەی بوو، چونكە گەیاندنی پەیامی ئازایەتی ئافرەتی كورد لەسەر ئەستۆی ئەو بوو، ئەو بە جەستەو توانای خۆی پەیامەكەی خۆی گەیاند.

ئاڤان جەمال ـ لەو بەرهەمەدا پێوەرە لۆژیكییەكانی شكاند، كە بە تەنیا دەرفەتێك پێشبڕكێ‌ لەگەڵ ئەكتەرانی هۆلیۆد بكات، ئەمەش هەمدیسان خاڵێكی دیكەی ئەفسانەیی ئافرەتی كوردە، هەم لە ئازایەتی، هەم لە توانا هونەریی و جەستەییەكانی.

ئەوەی بۆ دەرهێنەر یاریدە دەر بووە بۆ هەڵبژاردنی ئاڤان، روخسارو شێوەی سینەمایی ئەو ژنەیە
كە لەگەڵ رۆڵەكەی بوەشێتەوە.

هەروا توانای سەختی ئەوە لە بەرجەستەكردنی رۆڵەكەی.

تەكنیك:
ئەوەی فیلمەكە ببینێ‌ ڕاستەوخۆ بە شاشەكە دەبەسترێتەوە، لە بەر ئەوەی فیلمەكە كولیتێكی بەرزی هەیە بە تواناترین كاستی هونەریی لە وێنەگری و موزیك و دەنگ و ڕووناكی و لوكێشن كاریان كردووە بە كولیتێكی جیهانی.

جیاوازی دەرهێنەر هەڵكەوت مستەفا كاتێ‌ بڕیار لەسەر دروست كردنی فیلمێك دەدا، پلانێكی تۆكمەی هەناسە درێژی بۆ دادەڕێژێ‌، بەر لە هەموو شتێ‌ بیر لە هەڵبژاردنی بابەتی فیلمەكەی دەكاتەوە، بابەتی سەردەم بێت و جیگەی سەرنج ڕاكێشانی جیهان بێت و لە ڕووی سیاسی و یاسایی و مرۆیی لەمپەر بۆبە بازاڕ بوونی فیلمەكەی دروست نەكات.

گرنگترین ئامانج لای هەڵكەوت بە بازاڕ كردنە، لە بازاڕ یوونیشدا هاوسەنگی سیاسی دەخاتە سەرووی هەموو شتێكەوە ئەو لە فیلمی سەدام بۆ ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیە بە دڵی لایەنگرانی سەدام و بە دڵی ئەمریكاو بە دڵی ناوچەی كەنداوی كرد، بۆیە توانی بازاڕێكی نموونەیی لە پەیداكردنی سپۆنسەر پەبدا بكا، ئەزموونەكانی ئەو فیلمە بوو بە سەرچاوە بۆ ئەو فیلمەش كە یەكەم فیلمی كوردییە لەمێژوودا لە ڕووی داهاتەوە ژمارەیەكی نوێ‌ تۆمار دەكات.

هەڵكەوت ئەمڕۆكە هەر تەنها دەرهێنەرێك نیە كە سینەمای كوردی بەرەو بە جیهانبوون بپەڕێنێتەوە، بەڵكو دەبێتە ئەو بەرهەمهێنەرە هوشیارەی لە سیستەمی دروست كردنی فیلم ڕاهاتووە، ئەو قۆناغەی تێپەڕاند چاوی لە سپۆنسەرێكی ناوخۆی كوردستان بێت لە باوەشی بگرێت .

ئەو توانی سوود لەوپانزە ساڵەی ژیانی لە نەرویج وەرگرێ‌ و نهێنییەكانی سینەماو فاكتەرەكانی سەركەوتنی بدۆزێتەوە.

ئەو تازە گەیشتە قۆناغێك كۆمپانیا جیهانیەكان فیلمەكانی هەڵكەوت نۆرە بگرن بۆ كڕینی، بۆیە مافی خۆیەتی خەون بە ئۆسکارەوە ببینێ .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP