هەرێم نیوز
حوسێن مەرعەشی، سکرتێری گشتیی پارتی کادیرانی سازانی ئێران ئاشکرای دەکات، چین پەیامێکی گرنگی ئاراستەی تاران کردووە و جێبەجێکردنی چوار مەرجی سەرەکی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان و سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەیژینگ داناوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2026،میدیاکان بڵاویان کردەوە، مەرجەکانی چین بریتیبوون لە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ هاتووچۆی دەریاوانی، وەرنەنەگرتنی هیچ جۆرە باج و ڕسووماتێک لە کەشتییەکان، کۆتاییهێنان بە کێشەکان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە و چارەسەرکردنی گرفتەکان لەگەڵ ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەش کراوە، ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدان کە ئامارە ئابوورییەکان ئاماژە بە پاشەکشەیەکی گەورە دەکەن و هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە بۆ 540 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبووەتەوە، کە ئەمەش سێ هێندە کەمترە لە ئاستی پێش داخستنی گەرووی هورمز.
شارەزایانیش پێیانوایە بەیژینگ وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز، ڕێکاری بۆ کەمکردنەوەی کڕینی نەوتی ئێران گرتووەتەبەر.