هەرێم نیوز
عەدنان شەمەری، پارێزگاری دیالە ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەک بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان پێشکەش نەکراوە، و ئاشکراشی دەکات کە دوو کەسیان لە خانەقین دەستگیر کردووە کە هەوڵی دروستکردنی پشێوییان داوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی 9ـی 2026، عەدنان شەمەری، پارێزگاری دیالە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت خۆپیشاندان بکات، دەبێت بە فەرمی داواکاری پێشکەش بکات چونکە پرۆسەکە پێویستی بە ڕێکاری یاسایی هەیە.
هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە لەم پرسەدا هیچ جیاوازی و جیاکارییەک ناکەن.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی هاووڵاتییان لە قەزای خانەقین، پارێزگاری دیالە ڕوونی کردەوە: "ئەو کەسانە دەیانویست لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کێشە و پشێوی دروست بکەن؛ هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆز بکرێت، بەڵام ئێمە ڕێگەی پێ نادەین."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو دوو کەسەی دەستگیر کراون، یەکێکیان کوردە و ئەوی دیکەیان عەرەبە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەدنان شەمەری باسی لە پرسی تابلۆی سەر دووکان و فرۆشگاکان کرد و ڕایگەیاند، خاوەن فرۆشگاکان سەرپشکن و دەتوانن هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی پێکەوە لەسەر تابلۆکانیان بەکار بهێنن.