هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبیی پایتەختی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی 9ـی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بڕیارە مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کۆببێتەوە.
جێی باسە، دوایین سەردانی فەرمیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، لە ٢ـی شوباتی ٢٠٢٦ بوو، کە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەکتوم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و حاکمی دوبەی بوو بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان.
لە پەراوێزی ئەو لووتکەیەدا، سەرۆکوەزیران زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرزی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات و چەندین بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە ئەنجام دا.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە ئاستێکی زۆر باشدان و هەولێر و ئەبوزەبی پەیوەندییەکی ئابووری و دیپلۆماسیی بەهێزیان هەیە.
لە ئێستادا چەندین کۆمپانیای گەورەی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە و وەبەرهێناندا کار دەکەن، هاوکات ئیمارات کونسوڵخانەی گشتیی لە هەولێر هەیە و بەردەوام هەردوو لا جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانی نێوانیان دەکەنەوە.