هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی عێراق هەفتەی داهاتووی وەک وادەی کۆتایی و یەکلاکەرەوە دیاری کرد بۆ پێشکەشکردنی کاندیدانی وەزارەتە ماوەکان و دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکوومەتەکەی.
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و وادەی یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکان
ئەمڕۆ سێشەممە، ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەمانەتی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی، شەوی ڕابردوو هێز و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیان لە نوسینگەی هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر بەڕێوە برد، کە تێیدا عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەشدار بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمی ڕایگەیاند، سەرجەم گفتوگۆ و ڕاوێژەکانی تایبەت بە تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەت لەم هەفتەیەدا کۆتایییان پێ دەهێنرێت، تاوەکو لە هەفتەی داهاتوودا ناوی کاندیدەکان ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت و پرۆسەی دەنگدانیان لەسەر ئەنجام بدرێت.
تاوتوێکردنی دۆخی ئابووری، یاسای بودجە و حەشدی شەعبی
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەوش و بارودۆخی دارایی و ئابووریی وڵاتی لەژێر ڕۆشنایی لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا خستە بەر باس، بەتایبەت ئەو مەترسییانەی بەهۆی پەککەوتنی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا هاتۆتە ئاراوە، و جەختیان لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری کردەوە.
هاوکات چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێی خێراکردنی ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە پێشەنگی یاساکانی وەک یاسای بودجەی گشتیی دەوڵەت و یاسای حەشدی شەعبی کرد لە ئینجامدانی دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا.
پاشخانی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت
ڕۆژی ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە سەرۆک وەزیران و ١٤ وەزیری کابینەکەی بەخشی، بەڵام دەنگدان لەسەر نۆ پۆستی وزاری کە چەند وەزارەتێکی سیادی و ئەمنیی گرنگی وەک بەرگری و ناوخۆ لەخۆدەگرێت، دواخرابوو بە مەبەستی گەیشتن بە سازان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا.