هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندیی لەسەر گرێبەستێکی سەربازی دەربڕی بۆ فرۆشتنی چەندین هەلیکۆپتەری جۆری "بێڵ" و پێداویستییە سەربازییەکانی بە عێراق کە بەهای کۆی پڕۆژەکە ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە.
تفاسیری گرێبەستەکە و جۆری هەلیکۆپتەرەکان
ئەمڕۆ سێشەممە، ١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، گرێبەستەکە هەردوو جۆری هەلیکۆپتەری (Bell 412EPX) و (Bell 407M) و کەرەستە و سیستەمە پەیوەندیدارەکانی لەخۆدەگرێت.
ڕوونیشی کردەوە، لە ئەگەری واژۆکردنی کۆتایی گرێبەستەکەدا، جێبەجێکردنی قۆناغەکانی بەرهەمهێنان و ڕادەستکردن دەدرێتە کۆمپانیای (بێڵ تێکسترۆن)ی ئەمریکی کە بارەگا سەرەکییەکەی لە ویلایەتی تێکساسە.
تەجهیزاتی سەربازی و مۆڵەتی کۆنگرێس
بەپێی بەیاننامەکە، پێشتر دەسەڵاتدارانی عێراق داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ کڕینی ئەو هەلیکۆپتەرانە بە مەرجێک پڕچەک بکرێن بە سەکۆی جێگیرکردنی ڕەشاش، پێداویستییەکانی هەڵدانی مووشەکی ئاراستەنەکراو و سیستەمی ڕێدۆزی و پەیوەندییەکان.
هاوکات ئیدارەی ئەمریکا بە فەرمی کۆنگرێسی لە بڕیارەکە ئاگادار کردووەتەوە و دەسەڵاتی یاسادانانی ئەمریکاش مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەکە یان ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی.