هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پشتڕاستی دەکاتەوە کە نێچیرڤان بارزانی، ڕۆڵی لە گواستنەوەی پەیامەکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی 8ـی 2026، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی "ئێران ئینتەرناشناڵ"، ڕای گەیاند، یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی ئەوەیە کە کێشە و ناکۆکییەکان دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە چارەسەر و یەکلا بکرێنەوە.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری داواکردن لە نێچیرڤان بارزانی بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە، پەیوەندییە باشەکانیەتی لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانیدا.
ئەم لێدوان و دانپێدانانە دوای ئەوە دێت کە پێشتر ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" بڵاوی کردبووەوە، ئیدارەی ئەمریکا داوای هاوکاری لە بارزانی کردووە بۆ کردنەوەی کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە.