دواین هەواڵ

عێراق‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دارایی عێراق: داخرانی گەرووی هورمز کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی عێراق دروستکردووە

هەرێم نیوز

وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق هەنگاو دەنێت بەرەو پەسەندکردنی یەکەمین بودجەی بەرنامە و ئەدای کار لە مێژووی خۆیدا، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە داخرانی گەرووی هورمز کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی وڵات هەبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی 8ـی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا کۆبووەوە و هەردوولا لایەنەکانی هاریکاریی ئابووری و دارایی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

وەزیری دارایی ڕایگەیاند، عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ پەسەندکردنی یەکەمین بودجەی بەرنامە و ئەدای کار لە مێژووی خۆیدا، کە ئەمەش بەپێی میتۆدێکی نوێی بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکان دەبێت و دابەشکردنی سەرچاوەکان بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە گرێ دەدات، بۆ ئەوەی کارایی بەکارهێنانی سامانی گشتی بەرز بکاتەوە.

فالح ساری ئاماژەی بەوەش کردووە، داخرانی گەرووی هورمز لە ژێر ڕۆشنایی پەیوەستبوونی جووڵەی بازرگانی و هەناردەی نەوت بە پێشهاتەکانی ناوچەکەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی عێراق جێهێشتووە. 

جەختی لەوەش کردەوە کە وەزارەتەکەی بەردەوامە لە تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا لە ڕێگەی بەهێزکردنی داهاتە نەوتینەکراوەکان، پەرەپێدانی ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی دارایی و بەردەوامبوون لە پرۆسەی چاکسازی.

لە بەرامبەردا باڵیۆزی بەریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات کردەوە و ئامادەیی نیشان دا بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی شارەزایی تەکنیکی و ڕاوێژکاری لە بوارەکانی ئابووری و داراییدا، بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای دامەزراوەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP