هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، دادگای ناوەندیی تاوانەکانی دژە گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بە شێوەی نائامادەبوون بەسەر عەمار جەبر، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدیندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی تاوانی زیادبوونی سەرمایە و دەستکەوتی نایاسایی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دادگای ناوەندیی تاوانەکانی دژە گەندەڵی بڕیارێکی بە شێوەی نائامادەبوون دەرکردووە بۆ سەپاندنی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بەسەر تاوانبار عەمار جەبر خەلیل عەبدولحەمید، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین، بەپشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (19/دووەم و بە ئاماژەدان بە ماددەی 16/یەکەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا ژمارە (30ی ساڵی 2011)ی هەموارکراو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە کە بڕیارەکە غەرامەکردنی تاوانبارەکە بە بڕی یەک ملیار و 728 ملیۆن و 74 هەزار دینار لەخۆدەگرێت، کە ئەو بڕەش یەکسانە بەو سەرمایەیەی کە ناوبراو بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی دەستی کەوتووە.
هەروەها دەستەی دەستپاکی خستیەڕوو کە دادگا تاوانبارەکەی پابەند کردووە بە گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو بڕە پارەیەی بە نایاسایی دەستی کەوتووە، بەپێی بڕگەکانی ماددەی (19/چوارەم) لە یاسای دەستەکە.
بڕیارەکە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە کاتی دەستگیرکردنی تاوانبارەکەدا، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەشی ئازاد ناکرێت تاوەکو تەواوی بڕی دەستکەوتە ناڕەواکە و غەرامەکەی نەگەڕێنێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادگا پشتیوانی لەو دەستبەسەرداگرتنە کردووە کە خراوەتە سەر موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی تاوانبار و هاوسەرەکەی، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی کوڕی تاوانبار.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کرد، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تاوانبار دەرکردووە و ڕێگەی داوە بە ئەنجامدانی پشکنینی یاسایی بۆ دەستگیرکردنی، هاوکات مافی بە دەستەی دەستپاکی داوە بۆ داواکردنی قەرەبووی زەرەر و زیانەکان دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت.