دواین هەواڵ

عێراق‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیارێکی نوێی بۆ وەرگرتنی باج و گومرگ لە حەواڵەی دەرەکی دەرکرد

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا کە لە پێناو پاراستنی سامانی گشتی و ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی داهات، لە 1ـی ئەیلوولی 2026ـەوە باج و ڕسووماتی گومرگی لە حەواڵە و گواستنەوە دەرەکییەکان بە شێوەی پێشوەختە ببڕدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، بڕیارەکە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران و لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیراندا لە 6ـی ئابی 2026 پەسەند کراوە.

بەپێی ناوەڕۆکی بڕیارەکە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە پارەی باج و ڕسووماتە گومرگییەکانی سەر گواستنەوە و هەناردە دەرەکییەکان پێشوەختە دەبڕدرێن و وەک "ئەمانات" تۆمار دەکرێن، هاوکات سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ جێبەجێکردنی ورد و خێرای ئەم ڕێکارە.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، حکومەتی عێراق ئەم هەنگاوەی بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە چەندین سەرپێچیی دارایی گرتووەتەبەر، لەوانە سپیکردنەوەی پارە، بردنە دەرەوەی قاچاخی دراوی بیانی و فێڵکردن لە باج و گومرگ لە کاتی ناردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات.

هەروەها هێشتنەوەی پارە بڕدراوەکە وەک "ئەمانات" بەو واتایە دێت کە ئەو بڕە پارەیە لای دەوڵەت پارێزراو دەبێت تاوەکو پشکنینی گومرگی تەواو دەبێت و ڕەوایی مامەڵە بازرگانییەکان پشتڕاست دەکرێتەوە و دواتر بەپێی پێویست یەکلایی دەکرێتەوە.

ئەم ڕێکارە نوێیە دەبێتە هۆی زیاتر ڕێکخستن و شەفافکردنی پرۆسەی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات لە ڕێگەی بانک و کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانەوە، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لە هەمان کاتدا پرۆسەکە بۆ بازرگانان کەمێک قورستر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP