نیاز نەجمەدین
بەهۆی کارەکەم لە کۆمپانیایەک، جارێک لە جاران رایانسپاردین تیمێکی هۆڵەندیی لە هۆڵەنداوە بە مەبەستی توێژینەوەیەک سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی دامەزراندنی لەوەڕگا و کێڵگەیەکی مانگای شیردەر، بانگهێشت بکەین.
تیمەکە گەیشتن و یەکێک لەو شوێنانەی بردمانن، سەر روبارۆچکەی دوکانی سەرەوە بوو. لەو سەرەوە، نەگەڕاینەوە سەر شەقامیی سەرەکیی. لە پشتەوە، بە کەناری شاخی سارادا بەرەو سلێمانی، بەناو گوندەکاندا، کەوتینەوە رێ. دنیای ئەو ناوچەیە کش و مات بوو. سروشت گەمەیەکی هێندە دڵرفێنانەی بە دروستکراوەکانی خۆی دەکرد، نە ئێمەی رۆژهەڵاتیی و نە ئەوانی رۆژئاوایی نەماندەتوانی چاومانی لێ غافڵ بکەین. لەناکاوا خۆر لەگەڵ هەور و شاخ دەیانکرد بە یاریی، ئەمیان دەیویست سێبەر راماڵێت و ئەویان دەیویست فراوانتری بکات. مەگەر گۆرانی شاعیر لەگەڵماندا بوایە تا جوانییەکانی ئەو دەمەی سروشتی لە چەند دێڕە شیعرێکدا، تۆماربکردایە.
لە رێگا، چەند مانگایەکی لەڕ و لاوازمان بینیی لەسەر گرد و تەپۆڵکەکانەوە، لارە لار، بەرەو گەوڕەکانیان گلۆر دەبوونەوە. تا ئەو ساتەی هۆڵەندییەکان باسیان کرد، من لە ئازار و مەینەتیی مانگا تێنەگەشتبووم:
"مانگاکانتان زۆر گوناحن. مانگا دەبێ ژیانێکی شاهانەی هەبێ. لای کەم ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی هەبێ. لە لەوەڕگایەکی تەختدا ژیان بکات و بلەوەڕێ، دەنا وزەکەی لەسەر رۆشتن و هەڵزنان بە کەژ و کێوەکانا، خەرج دەکا. ئەو کاتەش کەمتر شیر دەبەخشێ. دەبێ ژینگەکەشیان وەک ژینگەی مرۆڤ پاک بێ، دەنا تامی ئەسڵیی بەرهەمەکە ناکەیت، شیر و پەنیرەکەیان بەلەززەت دەرناچن".
واتە نە بڕی پێویست شیر دەبەخشن و نە کوالتیی شیرەکەیان باش دەبێت. تۆ ژیانێکی شایستە بۆ بونەوەر دابین نەکەیت، چۆن داوای تواناداریی، بەرهەم و بەخشندەیی لێ دەکەیت؟
ئەوان فێریان کردین مانگایەکی شیردەر رۆژانە نزیکەی ٥٠ بۆ ١٠٠ لیتر ئاوی پێویستە. بەپێی سکی یەکەم و دووەم و جۆری مانگاکە ئایا هۆڵستاینی ئەمریکییە یان هۆڵەندیی (پەڵە پەڵە رەش و سپییەکان)، بڕی شیرەکە دەگات بە ٢٥ بۆ ٣٠ لیتر رۆژانە. لە کاتی سکوزادا، مانگا حەوانەوەی پێویستە، بەڵام مانگاکانی ئێمە بۆ چۆڕێک ئاو و چوار چنگ گیا، هەنێکجار بە سکپڕییەوە، چی هەوراز و نشێوی کەژوکێوی دەروبەری گوندەکان هەیە، دەپێون. لەوەش سەیرتر بۆ من ئەوە بوو کە دەبێت کاکی شوانیش لەگەڵ مانگاکان نەرم و نیان بێت و لە هەست و سۆزیان تێبگات، بەتایبەت کاتێک بەچکەکانیان لێ دوور دەخەنەوە یان هاوڕێکانیان دەکوژرێن، یان خۆیان نەخۆش دەکەون.
ئینجا سەرەی ئێمە هات دۆخەکە بۆ هۆڵەندییەکان روون بکەینەوە. بە سادەیی وتمان: "نەک مانگاکانمان، بەڵکو مرۆڤەکانیشمان وەک پێویست بەرهەممان نیە و کوالتیی بەرهەمەکەمان باش نیە. تا رادەیەک ناهەقیشمان نیە. وزە و کاتمان لەسەر زۆر شتی پڕوپوچی وەک ئاو هەیە یان نا، بەفیڕۆ چووە و دەچێت. دەنا زیاترمان بۆ خۆمان و ئاژەڵان و ژینگە پێ دەکرا".
چەقبەستنی بەردەوام/موزمن، وەک ئەوەی ئێمە تیایدا ژیاوین و دەژین، ترسناکە. بەڵام گەشەکردنیش هەمیشە باش نیە. مەرج نییە تەواوی جۆرەکانی گەشە هێلکەی پاکی بوژانەوە لەگەڵ خۆیاندا، هەڵهێنن. هەندێک گەشە هەن بەری جوانییەکانی مانگەشەو دەگرن و دنیا تاریکتر دەکەن. لەناویاندا، هەوڵدان بۆ دەوڵەمەندبوونی بێسنور، یان رزگارکردنی خۆم لەسەر حسابی تۆ، شتی زۆر بێ مانا و ترسناکی لەگەڵ خۆی هێناوە. گەشەیەک ژینگە پیس بکات، یان سەروەتی ئەم بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە و سەروەتی ئەو بە هەوادا ببات، پێی ناوترێ گەشەیەکی دڵخۆشکەر.
ئەمجارەیان گەردەلولی گەشە ترسناکەکە لە ژیریی دەستکردەوە دێت. زیاتر لە جاران، کۆمەڵێک دەوڵەمەندی رۆژئاوایی پەیدابوون خەریکی فرۆشتنی خەونن، رۆژنامەنوسان ناویان ناون: خەونفرۆشان.
ئەوەی لە خەونفرۆشەکان نەترسێت، مایەپوچ دەمێنێتەوە.
خەونفرۆشەکان ئەمجارە بەوە دەمانخەڵەتێنن کە پێشەنگەکانی تەکنۆلۆجیای جیهانیی بەهەشتێك لەسەر زەویی دادەمەزرێنن. ئیدی پێویستت بە ئیش نامێنێت، لە ژێر زەبری دەسەڵاتی بەڕێوەبەر رزگارت دەبێت، چیتر پەنجەمۆرت پێ ناکەن، ئیشت پێیان نییە تا بتشکێنن و لێت توڕە ببن، بۆ خۆت بخۆ و بلەوەڕێ و گەشت بکە.
ئەوان پێمان ناڵێن: "ئەی کات بە چییەوە ببەینە سەر؟"، بەڵکو ئامانجی گەمە ناشیرینەکەیان بەرزکردنەوەی نرخی پشک و موڵکەکانیانە. بۆ ئەوەیە شەش سفری سەروەتەکانیان بکەن بە نۆ سفر، لە ملیاردێرەوە بۆ ترلیۆنێر.
ئەگەر ژیریی دەستکرد بەم ئاستە خێرایەی ئێستا بچێتە پێشەوە و یاسا و رێسای بۆ دانەنرێت و سنورەکانی دیاری نەکرێت، ئەوا نەک تەنها مانگاکان بە دەردی ئەسپەکان دەچن کە سەردەمێک ئامرازی سەرەکیی بەرهەمهێنان بوون و ئێستا بۆ یارییپێکردن بەکاردەهێنرێن، بەڵکو رەنگە ئێمەی مرۆڤیش تەنها یارییکردنمان بۆ بمێنێتەوە (وەک رۆجەر بووتڵ Roger Bootle دەڵێ). واتە نەک مانگاکانمان بەرهەمدارتر دەبن بەو هۆیەوە گوایە لە سایەی ژیریی دەستکرددا مرۆڤ بەتواناتر و بەرهەمدار تر دەبێ، بەڵکو هەردوولامان بێئیش دەکەوین.
ژیریی دەستکرد کاتی حەوانە و کارکردن بە شێوەیەکی خراپ دەستکاریی دەکات.
لە ٢٠١٦ کاتێک تیمی دیپمایندی گوگڵ توانیان مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد بەناوی (ئەلفاگۆو) دروست بکەن چوار بە یەک لە (لی سی دۆڵ)ی پاڵەوانی یاریی گۆو (Go)، کە یارییەکی چینییە و لە شەتڕەنج ئاڵۆزترە، بباتەوە، ئیدی مرۆڤایەتیی پتر بەرامبەر ئەم وەرچەرخانە راچڵەکیی و ترسی ئەوەی لێ نیشیت هەندێک لە دەوڵەمەندەکان(خەونفرۆشەکان) سەرقاڵی دروستکردنی شتێکن مرۆڤ بێکەڵک و بێئیش دەکات. واز لە دروستکردنی ئوتومبێلی بێشۆفێر بێنە، مەکانزی دەلێت: ژیریی دەستکرد دەتوانێت نزیکەی ٣٧٠ بۆ ٧٠٠ ملیۆن ئیش تا ٢٠٣٠ نەهڵێت.
ئەم تەکنۆلۆجیایە لە دوو ئاستی تریشدا ترسناکە. یەکەمیان ئەوەیە تا ئەمڕۆ کۆمەڵێک کێشەی دروست کردووە، لەوانە:
- ژینگەپیسکەرە (بۆ نمونە لە کاتی مەشپێکردنیدا چات جی پی تی چوار نزیکەی پێنج هەزار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی فڕێداوەتەوە ژینگەوە)، رۆژانە نهێنیی ماڵ و کۆمپانیا و حکومەتەکانی لەگەڵ شەیر دەکرێت و نازانین چی لێ دەکات، بە ڤیدیۆیەک رەنگە وابکات لە هەڵبژاردندا لایەنێکی عەقڵ تاریک سەرکەوێ، هاوڕێیەکیشە زانین و زانیارییەکانی نوسەران و داهێنەران بەبێ پرس و قەرەبووکردنەوە بەناوی خۆیەوە دەبەخشێت (بڕوانە گاری مارکۆز، Taming Silicon Valley، باسی زۆر شتی تر و قۆناغێکی نوێ لە سەرمایەداریی دەکات کە پێی دەڵێت سەرمایەداریی چاودێر).
دووەمیان ئەوەیە ئەم مۆدێلە زمانییانە دەتوانن ڤایرۆسی نوێ دروست بکەن (بڕوانە وتارەکەی رۆبەرت رەیشی وەزیری پێشوی کار لە ولاتە یەکگرتووەکان-Robert Reich). بگرە ئەتۆمەکانیش بتەقێننەوە ئەگەر لە دەسەڵاتی مرۆڤ دەرچن. واتە گەڕان بەدوای دەوڵەمەندبونی بێسنور و دەسەڵات لە لوتکەدا وایکردووە مرۆڤ سەرقاڵی دروستکردنی خالقێکە رەنگە وەک خالقی تەقلیدیی گوێ لە نزا و پاڕانەوەکانت نەگرێت و لێت خۆش نەبێ، بەڵکو لەناوت ببات (بەوەی ژیریی دەستکرد زۆر لە مرۆڤ زیرەکتر و بەدەسەلاتتر دەبێ دەڵێن سەردەمی سینگولاریتیی). چۆن دەبێ مرۆڤ شتێک دروست بکات کە نەزانێت چی لێ دەکات و بەرەو کوێ دەچێت؟
ئێستا پرسیارێک دێتە پێشەوە: ئایا کێ جیهانی بەرەو خراپتر برد؟
کاممان تەنوری جەنگمان زیاتر گەرمکرد و کاممان ژینگەمان زیاتر پیسکرد: ئێمەی رۆژهەڵاتیی یان ئەوانی رۆژئاوایی؟
بۆ دەبێت هەر ئێمە مراوییە ناشیرینەکە بین؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئێمە واز لە دواکەوتوویی و ئەوان واز لە پێشکەوتنی نابەرپرسیارانە بهێنن و ژیریی دەستکرد و بوارەکانی تر باشتر بخرێنە خزمەتی مرۆڤایەتیی و ژینگەوە؟