هێمن عەبدولقادر
....................
لە ڕاستیدا مرۆڤی مۆدێرن چیتر حەزی بەو چیرۆکانە نییە کە بە شکست کۆتاییان دێت ، بۆیە دەبینین ئەمڕۆ بازاڕ و زانکۆ و کۆڕ و کۆبوونەوە و شاشەکان پڕن لە چیرۆکی ئەو (ژن و پیاو)انەی کە گوایە کەسایەتی سەرکەوتوون، هەمووشیان یەک چیرۆک دەگێڕنەوە :-
(من هیچم نەبوو، من تەنها خەونم هەبوو، برسێتیم زۆر بینی ، شەونوخونیم کرد، و ئێستا لێرەم)
چیرۆکێکی پاک، خێرا، و درۆزنانە. چیرۆکێک کە دەڵێت سەرکەوتن تەنها بڕیارێکە. ئەگەر سەرکەوتوو نەبوویت، کێشەکە لە تۆدایە، نەک لە سیستەمەکە. تۆ بەشی پێویست ئازارت نەچەشتووە. تۆ بەشی پێویست بە ئەرێنی بیرت نەکردۆتەوە، ئەم چیرۆکانە ئەمڕۆ دەفرۆشرێن ، چونکە (شکست و کەوتن) قازانجێکی ئەوتۆی نیە.
......................
کێشەکە ئەوە نییە کە باسی سەرکەوتنەکانی خۆمان نەکەین نا ،ئێمە کۆمەڵگایەکمان سەرپێ خستووە کە سەرکەوتن تەنها ئەوەیە کە ( دەبینرێت، دەژمێردرێت، و دەفرۆشرێت، دەجێتە سەرەوە)
ئەو مامۆستایەی ٣٠ ساڵە بە ئەمانەتەوە وانە دەڵێتەوە و نەوەیەک پەروەردە دەکات بەلای ئێمەوە سەرکەوتوو نییە، چونکە لەسەر شاشە نییە.
ئەو جوتیارەی زەوییەکەی بە ویژدانەوە دەپارێزێت سەرکەوتوو نییە.
ئەو دایکەی منداڵێکی بەڕێز پەروەردە دەکات سەرکەوتوو نییە.
چونکە سەرکەوتنەکەیان دەنگی نییە.
.....................................
ئەلگۆریتمی ئینستاگرام و تیک تۆک و فەیسبووک و شاشە و (ted talk)ەکان ، بۆ ڕاستی دروست نەکراون، بۆ ئالوودەبوون دروست کراوە، و مرۆڤیش بە چیرۆکی ئازاروی ئالوودە نابێت، بە چیرۆکی درەوشانەوە و دەرکەوتن ئالوودە دەبێت.
ئەو مرۆڤەی کاتژمێر سێی شەو لە دڵە ڕاوکێدایە ستۆری دانانێت . کەس لە کاتی قەرزاری و شەرمەزاریدا ڤیدیۆ بڵاو ناکاتەوە.
ئەنجامەکەی چییە؟
نەوەیەک دروست بووە وا دەزانێت هەموو جیهان سەرکەوتووە جگە لە خۆی.
لە کۆتاییدا، ئەو کەسانەی بە (سەرکەوتوو) ناویان دەبەین لەسەر شاشەکان، زۆربەیان سەرکەوتوو نین، تەنها لە نواندنی سەرکەوتندا سەرکەوتوون. وە ئێمەش،چەپڵەیان بۆ لێدەدەین و خەڵاتەکە دەدەینە دەستیان.
..................................
ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا ناژین کە پیرۆزی بداتە ڕەوشت،
ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە پیرۆزی دەداتە ئەنجام.
ڕەوشت بووە بە شتێکی تایبەتی،
وەکو حەزێکی کەسی ئەمڕۆ سەیر دەکرێت وەکو ئەوەی کەسێک حەزی لە شیعر بێت. جوانە، بەڵام نان نادات. دەتوانیت لە ماڵەوە بیهێڵیتەوە،
بەڵام نابێت لەگەڵ خۆتدا بیبەیتە ناو بازاڕ ، ڕەوشت سنوورە و بازاڕیش ڕقی لە سنوور دانانە ،
ڕەوشت پێت دەڵێت( بوەستە، ئەمە مەکە، ئەم پارەیە حەڵاڵ نییە، ئەم درۆیە مەکە، ئەم مرۆڤە مەچەوسێنە، پێ مەنێ بە شانوملی کەسدا)
بەڵام بازاڕ پێت دەڵێت( کەرەکەر بڕۆ، خێراتر،مەوەستە، سەیری هاوڕێکانت گەیشتنە کوێ سنوورێک نییە، هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە گرنگ ئەوەیە وەک سەرکەوتوو دەرکەویت).
هەرکۆمەڵگایەک ڕەوشتی لەلا پیرۆز نەبوو ناچارە پیرۆزیەکەی بداتە شتێکی تر ، هەر کۆمەڵگایەک خوداوەندەکەی گۆڕی ، ناچارە بەهاکانیشی بگۆڕێت ، کاتێک خوداوەندی نوێ سەرکەوتن بوو،
ئەوا درۆ دەبێتە زیرەکی،
بێ ویژدانی دەبێتە بوێری،
خیانەت دەبێتە هەل قۆستنەوە،
بەرتیل دەبێتە دیاری.
..................
مەولانا دەڵێت :-
(اگر همان راهی را بروی که همه میروند،
به همان جایی میرسی که همه رسیدهاند)
ئەگەر بە هەمان ڕێگادا بڕۆین کە هەمووان پیایدا دەڕۆن ، دەگەینە شوێنێک کە هەمووان پێیگەیستوون ، ئەوەی کە ئێستا تەواوی کۆمەڵگا پێیگەیشتووە ، قۆناغی پێلێنان لەهەموو بەها و ڕەوشت و ئەخلاقێک ، بۆ ئەوەی وەکو سەرکەوتوو دەربکەویت ، نەک مرۆڤ.
ئەگەر ئەو هەموو سەرکەوتووانە راستەقینەن ، ئەی بۆ گەیشتوینەتە ئێرە ؟ بۆ وەها گیرمان خواردووە؟
بۆیە دڵنیابە تۆ شکستخواردوو نیت ،
تەنها ئەوەیە چیرۆکەکەت ئیلهام بەخش نییە بۆ کڕین و فرۆشتن و مامەڵەی بازاڕی نوێ ،
بەڵام چیرۆکی تۆ ڕاستەقینەیە .. زۆریش ڕاستە بۆ ئەوانەی دەیانەێت ژیان بکەن ، نەک مامەڵەی سەرکەوتن.
نوقتە سەری دێڕ...
ئەمڕۆ کەس بلیتی کۆڕێک ناکڕێت بۆ ئەوەی گوێ لە کەسێک بگرێت بێتە سەر شاشە و بڵێت
(من هەوڵم دا و دۆڕام.
دۆڕام چونکە هەڵبژاردەیەکی هەڵەم کرد لە تەمەنێکدا کە هێشتا فێری هەڵبژاردن نەبووم.
دۆڕام چونکە لە ناوەڕاستی ڕێگادا نەخۆش کەوتم و جەستەم خیانەتی لێکردم.
دۆڕام چونکە باوکم پارەی نەبوو وەکو باوکی تۆ خانووەکەی بفرۆشێت و بۆم بکاتە سەرمایە.
دۆڕام چونکە میراتێکم بۆ نەمایەوە تا لەسەری بوەستمەوە، من دەبوو خۆم میراتەکە دروست بکەم.
دۆڕام چونکە واستەم نەبوو، ناوم نەبوو، دەستێک نەبوو لەسەروو دەستم دانێت و بڵێت ئەمە هی منە.
دۆڕام چونکە بەرتیلم نەدا، چونکە نەمتوانی وەک ئەوان پێ لەسەر شانی کەس دابنێم و بەرز بمەوە.) کەس گوێ لەم چیرۆکە ناگرێت، چونکە ئەم چیرۆکە ئاوێنەیە. و مرۆڤ حەزی لە ئاوێنە نییە کاتێک ماندووە. ئەم چیرۆکە بیرمان دەخاتەوە کە ژیان دادپەروەر نییە. بیرمان دەخاتەوە کە زۆرجار باشترین کەسەکان نادۆڕێن لەبەر ئەوەی خراپن، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە شوێنی هەڵە لەدایک بوون، لە کاتی هەڵەدا هەوڵیان دا، لەگەڵ مرۆڤی هەڵەدا کارتیان کرد. و ئەمە ترسناکترین ڕاستییە، چونکە ئەگەر ژیان دادپەروەر نەبێت، ئەوا کۆنترۆڵەکە لەدەستی ئێمەدا نییە.
مرۆڤی مۆدێرن ناتوانێت ئەمە قبوڵ بکات. بۆیە دەچێت بلیت دەکڕێت بۆ چیرۆکێکی تر. بۆ چیرۆکێکی پاک و بێ چەپەڵەیی.
چیرۆکێک کە پیاوێک دێتە سەر شانۆ، جلێکی گرانبەهای لەبەردایە، کاتژمێرێکی گران لە دەستیدایە، و دەڵێت: "من هیچم نەبوو، تەنها خەونم هەبوو." و خەڵکەکە چەپڵەی بۆ لێدەدەن. کەس ناپرسێت ئەو کاتژمێرە گرانە لە کوێ هات؟ ئەو باوکە دەوڵەمەندە لە پشتەوە کێ بوو؟ ئەو گرێبەستە یەکەمەی کە بە واستە وەرتی گرتی چ بوو؟
چونکە ئێمە نامانەوێت بپرسین. ئێمە دەمانەوێت باوەڕ بکەین. دەمانەوێت باوەڕ بکەین سەرکەوتن تەنها بڕیارێکە. تەنها بیری ئەرێنییە. تەنها ئەوەیە شەو تا درەنگ بەخەبەر بیت.
چونکە ئەم درۆیە ئاسوودەمان دەکات. ئەم درۆیە پێمان دەڵێت: ئەگەر تۆ شکستت هێناوە، تاوانی سیستەمەکە نییە، تاوانی خۆتە. تۆ بەشی پێویست هەوڵت نەدا. ئەمە درۆیەکی دڕندانەیە، بەڵام ئاسوودەکەرە. چونکە ئەگەر کێشەکە لە مندا بێت، ئەوا چارەسەرەکەش لە دەستی مندایە. بەڵام ئەگەر کێشەکە لە سیستەمەکەدا بێت، ئەوا من هیچم لەدەست نایەت.
بازاڕ ئەم لاوازییە دەروونیەی ئێمەی قۆستۆتەوە.
بۆیە سەرکەوتنی ساختە بووە بە پیشەسازی. گەورەترین پیشەسازی سەردەم. پیشەسازییەک کە هیچ شتێک بەرهەم ناهێنێت جگە لە وەهم. سەرمایەکەی چەند کامێرایە و چەند ڕووناکییەکی جوان و چەند ڕستەیەکی حەماسی لەسەر ئینستاگرام.
ئەم پیشەسازییە بە شتێک دەژی کە ئابووریناسەکان پێی دەڵێن (ابووری شەرم) . ئەوان دەوڵەمەند دەبن لەسەر هەستکردن بە شەرمی ئێمە. ئەوان شکستەکانی خۆیان دەشارنەوە - قەرزەکانیان، گریانەکانیان لە شەواندا، ئەو کەسانەی فریویان دان، ئەو درۆیانەی کردیان - دەیانشارنەوە، تا تۆ هەست بکەیت تەنها تۆیت کە شکست دەهێنیت. تا تۆ بڕۆیت کۆرسەکەیان لێ بکڕیت، کتێبەکەیان لێ بکڕیت، بلیتەکەیان لێ بکڕیت.
لە ڕاستیدا تۆ بلیتی هیوایەکی ساختە دەکڕیت.
ئەو مامۆستایەی لە پۆلێکی دوورەدەستدا وانە دەڵێتەوە و چاوی گەش دەکاتەوە کاتێک منداڵێک فێری نووسینی ناوی خۆی دەبێت، ئەو سەرکەوتووە. بەڵام ئەو نایەتە سەر شاشە. چونکە چیرۆکەکەی دەنگی نییە. چونکە ڕاستییەکەی تاڵە: سەرکەوتنی ڕاستەقینە بێدەنگە، خاوە، ماندووکەرە، و زۆرجار هیچ کەس چەپڵەی بۆ لێنادات.