هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەی و رۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پارتی و سەرۆک بارزانی گەرەنتیی پاراستن و پێشخستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانن.
رۆژی یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی، کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان، پێشمەرگە و سەرجەم ئەندامانی پارتەکەی کرد.
دەقی راگەیێندراوەکە
بە بۆنەی شازدەی ئاب، ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر و سەرکردەی نیشتمانیمان و باوکی خوشەویستم جەنابی سەرۆک بارزانی و هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی کوردستان و ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان و گشت کوردستانییان دەکەم.
یادی دامەزراندنی دێرینترین و گەورەترین و بەهێزترین پارتی کوردستان لە سەر دەستی رێبەری مێژویی و باوکی روحی گەلەکەمان مستەفا بارزانیی نەمر ، یەکێکە لە پڕشەنگدارترین ڕۆژ و یادەکانی مێژووی گەلەکەمان.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ژێر سێبەر و ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرە و بەردەوامە لە تۆمارکردنی داستان و دەستکەوتی مەزن و دیرۆکی کە جێگەی شانازی هەموو کوردستانییەکی دڵسۆزە.
پارتی و سەرۆک بارزانی، هیوا و ئومێد و جێگەی متمانەی خەڵکی کوردستان و گەرەنتی پاراستن و پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیریی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و ئەندازیاری بووژاندنەوە و بنیاتنانەوە و پێشکەوتنی کوردستانن.
لە ساڵیادی شازدەی ئابدا ، بە شکۆ و ڕێز و پێزانینێکی قووڵەوە، یادی دامەزرێنەری پارتی، بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و سەرکردە و سەرجەم خەباتکار و شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە .
هەمیشە شکۆدار بێت یادی شازدەی ئاب .
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
2026/8/16