دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاو کردەوە

هەرێم نیوز

بارزانی بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ١٦ی ئاب، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە، جەماوەری پارتی و سەرجەم خەڵکی کوردستان کرد.

پارتی؛ ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، بارزانی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، پارتی لەپێناو گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی کوردستان لە سەردەمێکی سەخت و دژواردا دامەزراوە و بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆی قوتابخانەی تێکۆشەران و بەرگریکارێکی سەرسەختی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بووە.

بارزانی جەختی کردەوە کە پارتی لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوودا ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بەجێگەیاندنی ئامانج و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

پێکەوەژیان و سەرچاوەی هێزی گەلی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتوو، پارتی بڕوای پتەوی بە پێکەوەژیان، برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق هەیە. هەروەها پڕەنسیپی هاوبەشی و ڕێزگرتن لە دەستوور بە زامنی سەقامگیری، ئارامی و بووژانەوە لە سەرتاسەری عێراقدا دەزانێت.

بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی سەرچاوەی هێزی گەلی کوردستانە و ئەرکی سەرەکیی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە، هەروەها پشت بە خوای گەورە و ئیرادە و هیمەتی گەل، هیچ کۆسپ و ئاستەنگێک ناتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەم ئەم ئەرکە پیرۆزەدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، یادی شەهیدان، پێشمەرگە و تێکۆشەرانی بەرز ڕاگرت و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی کادیران، ئەندامان و جەماوەری پارتی دەربڕی کە دڵسۆزانە لە هەموو بارودۆخێکدا پشتیوانی پارتەکەیان بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP