دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

مەکتەبی سیاسیی پارتی پەیامێکی بەبۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەیەوە بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، خێرا پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان کردەوە، هاوکات دەستی دۆستایەتییشی بۆ تەواوی لایەنە عێراقییەکان درێژ کرد.

بەپێی بەیاننامەیەکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بۆ 80 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکە لە 16ـی 8ـی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە یادی دامەزراندنی پارتی وێستگەیەکی گرنگی خەباتی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانە و بیرهێنانەوەی 80 ساڵ لە خەبات، قوربانیدان و داکۆکیکردنە لە مافە نەتەوەییەکان.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەفاداری بۆ مێژووی پارتی و قوربانیدانی تێکۆشەرەکانی تەنیا بیرهێنانەوە نییە، بەڵکو ئەزموونی ئەو ڕابردوو و مێژووە، بەرپرسیاریەتییەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە لەهەمبەر ئێستا و ئایندە، ئەویش لە ڕێگای پاراستنی دەستکەوتەکان و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لەو ئاڵۆزییە سیاسی و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا هەن، لەگەڵ ڕێگاگرتن لەوەی هەرێم ببێتە شوێنێک بۆ کاریگەری خستنەسەر ئەمنیەتی وڵاتانی دراوسێ. 

مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لە بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم و دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز ئەرکێکی مێژووییە، هاوکات داوای بەهێزکردنی یەکڕیزی، ڕێزگرتن لە فرەیی پێکهاتەکان و پتەوکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی لە هەرێمی کوردستان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەبارەت بە دۆخی عێراق، پارتی دەستی دۆستایەتی و پێکەوەکارکردن بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی عێراق درێژدەکات و ڕایدەگەیەنێت، "ئەرکی هەموومانە بە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسی و بڕوای ئایینی و مەزهەبییەوە پێکەوە هەوڵبدەین عێراق بۆ هەمووان بێت و دووری بخەینەوە لە تێوەگلان لە شەڕ و ئاژاوەی ناوچەکە."

جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەموو پێکهاتەکان پێکەوە شێوازێکی حوکمڕانیی دروست و سەردەمیانە بگرنە بەر، چونکە خەڵکی عێراق چیتر بەرگەی نەهامەتییەکان ناگرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیمانی بۆ گەلی کوردستان و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپات کردووەتەوە کە لەسەر ڕێبازی کوردایەتی بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، هەروەها سڵاو و پێزانینی ئاراستەی دامەزرێنەرانی حزبەکە و پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدان کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP