هەرێم نیوز
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران، بە بەشداریی شاندەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە.
تاوتوێکردنی پاراستنی سنوورەکان و ڕێگری لە قاچاخچێتی
ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٦، لیژنەی باڵای تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنامەی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران لە شاری هەولێر کۆبووەوە.
نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لیژنەکە وردەکاریی ڕێککەوتنامە ئەمنییەکەیان تاوتوێ کردووە؛ تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیش بریتی بوو لە پاراستنی سنوورەکان، ڕێگریکردن لە دزەکردن و قاچاخچێتی، هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراقدا.
پێداچوونەوە بە بڕگە جێبەجێکراوەکانی ڕێککەوتنامەکە
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەکە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو بڕگانەی ڕێککەوتنامەکە کرد کە تا ئێستا جێبەجێ کراون. لەو چوارچێوەیەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ڕوونیش کراوەتەوە، ئەم هەماهەنگییە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەبێت و ئامانج لێی پابەندبوون بە ڕێککەوتنامە ئەمنییەکە و پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەریی خاکی عێراقە.