دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

بارزانی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دۆخی ئەمنی و هەماهەنگییەکانیان تاوتوێ کرد

هەرێم نیوز
بارزانی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە و جەختیان لەسەر بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
تاوتوێکردنی دۆخی ناوخۆ و ڕێگری لە قاچاخچێتی
ئەمڕۆ شەممە ١٥ی ئابی ٢٠٢٦، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی کۆبووەوە.
نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەمیانی دیدارەکەدا، بارزانی و قاسم عەبوودی دۆخی ناوخۆی عێراق، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد.
هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەوەرەکانی دیکەی گفتوگۆکان بریتی بوون لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان، هەروەها ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان لەبارەی ڕێگرییکردن لە قاچاخچێتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان
نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کرد، قاسم عەبوودی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە: "حکوومەتی فیدراڵی سوورە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ناوچەکانی عێراق."
بڕیاریشە دوای ئەم دیدارە، شاندە باڵا ئەمنییەکەی بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانیش کۆببنەوە و کۆمەڵێک پرسی گرنگی ئەمنیی هاوبەش تاوتوێ بکەن.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP