ئامادەکردنی ڕاپۆرت: هێرێم نیوز
لەکاتێکدا سەرنجی زۆربەی وەبەرهێنەران و بازاڕەکانی جیهان لەسەر کانزا گرانبەهاکانی وەک زێڕ و زێوە، کانزای مس (Copper) بە بێدەنگی سەرکەوتنێکی مێژوویی بێپێشینەی بەدەستهێناوە؛ بەپێی ئامارەکانی platformی TradingView، نرخەکانی مس گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا و لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲٦ـەوە تا ئێستا زیاتر لە ۱٥٪ و لە ماوەی ۱۲ مانگی ڕابردوودا بەڕێژەی ٤٦٪ زیادی کردووە، بەجۆرێک بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نرخی یەک تۆن مس ۱٤ هەزار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاند.
ئەم هەڵکشانە مێژوویییە ئەنجامی تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان کەمبوونەوەی خستنەڕوو و بازدانی خواستی جیهانییە؛ لە لایەکەوە بەهۆی ئاستەنگەکانی بەرهەمهێنان لە چیلی (گەورەترین هەناردەکاری مس)، قەدەغەکردنی هەناردەی مسی خاو لە کۆنگۆ، و وەستانی کارگەکانی تواواندنەوە لە ئەندۆنیزیا رێژەی خستنەڕوو کەمی کردووە، لە لایەکی ترەوە بەهۆی ترس لە سەپاندنی ڕسووماتی گومرکی پێشوەختە لەلایەن ئەمریکاوە لەسەر مسی پاڵێوراو، داواکاری لە ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ۱۲ ساڵی ڕابردوودا هەڵکشاوە. هاوكات بەپێی ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی BHP، بەکارھێنانی بەرفراوانی کارەبا و فراوانبوونی خێرای مەڵبەندەکانی زانیاری (Data Centers) لە سایەی شۆڕشی زیرەکی دەستکرددا خواستی سەر مسیان بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرزکردووەتەوە، بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت خواستی جیهانی بۆ مس لە ماوەی ۱٥ ساڵی داهاتوودا ٥۰٪ زیاد بکات و تەنها خواستی مەڵبەندەکانی زانیاری تا ساڵی ۲۰٥۰ نزیکەی ٦ بەرامبەر بازبدات، کە ئەمەش وایکردووە شارەزایانی ئابووری بڵێن: "ئایا کاتی ئەوە ناهاتووە ئەو چەند گرامە زێڕەی هەتە بیفڕۆشیت و ببیە خاوەنی چەندین کیلۆگرام مس؟"